لیۆناردۆ دەیەوێت سێکوچکەی MMN دروستبکات

رووداو دیجیتال

لیۆناردۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەوڵدەدات کیلیان ئێمباپێ رازی بکات لە یانە پاریسییەکە بمێنێتەوە و گرێبەستیش لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بکات.

هەوادارانی تۆپی پێ لە هەموو شوێنێک سەرنجەکانیان رووەو پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو کارەی کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان بکەن کە بەنیازە لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا بیکات.

پاریس سانجێرمان لە هاوینی ساڵی 2017دا نەیمار دا سیلڤای بەرازیلی لە بارسێلۆنای ئیسپانی برد، بەڵام پاڵەوانی وەرزی رابردووی فەرەنسا بە سەختی کاردەکات بۆ گەڕانەوە بۆ یانەی کەتەلۆنی و ئاراستەکردنی لێدانێکی کوشندەتر، ئەویش بە بردنی ئەستێرەی یەکەمیان لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی.

پاریس سانجێرمان، بە راسپاردەی خاوەنەکانیان و بە سەرپەرشتی لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، ئێستا دوودڵ نییە لەوەی کاربکات بۆ ئەوەی لیۆنێل مێسی بۆ لای خۆی ببات و ئەو یاریزانە رازی بکات لەگەڵ بارسێلۆنا درێژە بە پیشەکەی خۆی نەدات، چونکە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەکەی ناتوانێت تیپێکی بەهێز لە دەوری مێسی دروستبکات، بەڵام تیپە فەرەنسییەکە پڕۆژەیەکی پڕ لە ئاواتی هەیە کە پێشکەش بە ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەکات.

پاریس سانجێرمان بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی مێسی بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی، پشت بە  سێ فاکتەر دەبەستێت، یەکەمیان ئەوەیە کە نەیمار دا سیلڤای بەرازیلی هاوڕێیەکی نزیکەی لیۆیە و مێسی بە مانەوەی ئەو لە یانە پاریسییەکە دڵخۆش دەبێت و حەزدەکات جارێکی دیکە لەگەڵ نەیمار یاری بکاتەوە، ئەمە جگە لە دەستنیشانکردنی ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری ئەرجەنتینی بە راهێنەری یانەکە، کە هاونیشتیمانیی مێسییە و ئەو کوڕە حەزدەکات لەگەڵ راهێنەرە ئەرجەنتینییەکان کاربکات.

هۆکاری سێیەمیش کە لە پلانی پاریس سانجێرماندا دەردەکەوێت بۆ رازیکردنی مێسی، توانای ئەو یانە فەرەنسییەیە بۆ هێنانی هاوڕێی یەکەمی لیۆ، سیرجیۆ ئەگوێرۆی هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بۆ ریزەکانی، بۆ ئەوەی هێڵێکی هێرشبەریی ئاگرینیان هەبێت.

ئەگەر مێسی پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، دەبێت کارگێڕی یانە پاریسییەکە بە بە خواستی کیلیان ئێمباپێ رازی بێت، بۆ چوونە ریزەکانی ریال مەدرید، ئەمەش دوای ئەوەی رەتیکردەوە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام دەکرێت ئێمباپێ بە گۆڕینەوە بچێتە ریال مەدرید و یانەی شاهانەی ئیسپانیا ناچار نەبێت پارەیەکی زۆر بداتە پاریس سانجێرمان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لیۆناردۆ هیستا هیوای بەوە ماوە ئێمباپێش بە مانەوە رازی بکات و سێکوچکەیەکی تۆقێنەر لە مێسی و ئێمباپێ و نەیمار دروستبکات، هەرچەندە ریال مەدرید دەیەوێت سێرخیۆ رامۆس بە کیلیان ئێمباپێ بگۆڕێتەوە، کە ئامانجی سەرەکی زیدان و فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکە، بەتایبەتی کە گرێبەستی رامۆس لە 30ـی حوزەیران  تەواودەبێت و ریال مەدرید دەیەوێت لەجیاتی ئەوەی رامۆس بەخۆڕایی بڕوات بڕێک پارەی دەستکەوێت.

لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئەستێرە گەورانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت تواناکانیان بەدەستبێنێت، هەمیشە پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە لەبارەی چۆنیەتی پاشەکەوتکردنی پارە بۆ ئەو جۆرە گرێبەستانە، بەڵام ئیدارەی یانە فەرەنسییەکە پلانی تەواوی هەیە بۆ فرۆشتنی ژمارەیەک لە یاریزانەکانیان و بەکارهێنانی پارەکانیان و ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی ئێمباپێوە دەستیاندەکەوێت، بۆ ئەنجامدانی مێرکاتۆیەکی بەهێز.