دۆستێکی کورد دەبێتە سەرۆکی فیفا
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و دۆستی نزیکی کورد، بیر لە خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) دەکاتەوە.
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، ئیمانوێل ماکرۆنی 47 ساڵ، دەیەوێت ساڵی 2027 رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی سەرۆکایەتیی فیفا بکات، بۆ شوێنگرتنەوەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی.
سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاشکرایان کردووە، پۆستی سەرۆکی فیفا بۆ سەرۆکی ئێستای فەرەنسا، پاش دوورکەوتنەوەی لە سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، پۆستێکی سەرنجڕاکێش و کاریگەر دەبێت، چونکە ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان، کاریگەریی گەورەی هەیە و دەنگێکی گوێلێگیراوی هەیە لە بابەتە سیاسییەکانیشدا.
رادیۆی 'ئاڕ ئێم سی سپۆرت'ی فەرەنسی رایگەیاندووە، ماکرۆن لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی لە فەرەنسا، ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکاتەوە، چونکە یاسا رێگەی نادات و کاتی هاتنە دەرەوەی ئەو لە کۆشکی ئیلیزێ (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا)، هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فیفا لە 2027، هەربۆیە کارکردن بۆ بوونە سەرۆکی فیفا، بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشە لەبەردەم ماکرۆندا.
فیفا لە رووی سیاسییەوە کاریگەریی گەورەی هەیە، بەتایبەت لە سزادانی دارایی و دابڕین و بێبەشکردنی وڵاتان لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکانی تۆپی پێ، وەک ئەو سزایەی رێکخراوەکە بەسەر هەڵبژاردەی رووسیا و تیپە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەیدا سەپاند، کاتێک لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان بێبەشیکردن، بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
رۆژنامەی 'لومۆند'ی فەرەنسی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە، ماکرۆن ویستی کارکردن لە پۆستێکی گرنگ و کاریگەری جیهانی هەیە، لە دوای سەرۆکایەتی فەرەنسا، بەتایبەتیش لە بواری وەرزشدا، چونکە خۆی پێشتر بۆکسێنەری ئارەزوومەند بووە و حەز بە یارییەکانی وەک خلیسکانی سەربەفر و تۆپی پێ دەکات و لە چەندین بۆنەی جیاوازی وەرزشیدا لەسەر ئاستی جیهان دەرکەوتووە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ماکرۆن پەیوەندی قووڵی لەگەڵ ناوەندە وەرزشییەکانی فەرەنسا و دەرەوەی فەرەنساش هەیە، بەتایبەتیش پەیوەندی گەورەی لەگەڵ تۆپی پێ و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ریال مەدریدی ئیسپانی و دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا هەیە، هەروەها بە بەردەوامی ئاگاداری رووداوە وەرزشییەکانە و هاندەری یانەی ئۆڵەمپیک مارسیلیایە.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، ماکرۆن بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەسەرئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ وەرزشوانان، چانسی گەورەی دەبێت بۆ بوونە سەرۆکی فیفا.
راوێژکارەکانی بیرۆکەی بوونە سەرۆکی فیفا بەپەسند دەزانن و پێیانوایە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنە نێودەڵەتییەکەدا، ماکرۆن کەمێک کار بۆخۆی بکات، پۆستی سەرۆکایەتی ئەو فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییە بەدەست دەهێنێت.
ئیمانوێل ماکرۆن لە دایکبووی 1977ە، لە ساڵی 2017ەوە سەرۆککۆماری فەرەنسایە، سیاسییەکی چالاک و دۆستی نزیکی گەلی کوردە، لەنێو کوردیشدا پەیوەندیی دۆستانە و بەهێزی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە.
ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی لە چەندین بۆنەی جیاوازی نێودەوڵەتی و فەرمیدا یەکدییان بینیووە، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵیمپیادی 2024ی پاریس، بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.
ماکرۆن لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.