هۆکاری رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، وردەکاریی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا لە یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکرا دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، کە لیۆ بە پلانێکی داڕێژراوی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە بارسێلۆنا دەرکراوە.
 
لەوەتەی مێسی لە 2021 لە بارسێلۆنا رۆیشتووە، هێشتا مقۆمقۆ لەسەر ئەوە هەیە، کە ئایا کێ هۆکاری ئەو رۆیشتنە پێشبینینەکراوە بووە، خوان لاپۆرتا یان خودی مێسی؟ بەڵام سپۆرتی کەتەلۆنی شتێکی دیکە دەڵێت و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە پلانداڕێژەری ئەو رۆیشتنەی لیۆ دەزانێت.
 
ئەو رۆژنامەیە باس لەوە دەکات کە چۆن فلۆرێنتینۆ پێرێز بە پلانێک فێڵی لە لاپۆرتا کردووە و ناچاری کردووە مێسی دەربکات.
 
وەک سپۆرت باسی دەکات، دوای ئەوەی لاپۆرتا بە رێککەوتنی سیڤی سی رازی بوو، کە رێگە بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لیۆ مێسی دەدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز داوای لە یەکێک لە پیاوەکانی کرد، خۆسێ ئانخێل سانچێز، قسە لەگەڵ فێران ریڤێتێری بەڕێوەبەری ئەوکاتی بارسێلۆنا بکات و بڕوای پێبکات کە رێککەوتنەکە لەڕووی داراییەوە بۆ یانەکان سوودی نابێت.
 
ریڤێتێر دەچێت قسە لەگەڵ ئەو پیاوە دەکات "جۆزێ ئیلیا" کە بەڵێنی داوە گەرەنتی دارایی بۆ لاپۆرتا دابین بکات کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا بەدەست دەهێنێت، و وردەکاریی گرێبەستەکەی پێدەڵێت.
 
خۆسێ ئیلیا رێککەوتنەکەی بەدڵ نابێت، و دەچێتە لای لاپۆرتا و هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات کە ئەگەر رێککەوتنی سی ڤی سی واژۆ بکات ئەوا گەرەنتییەکە دەکێشێتەوە.
 
سپۆرت دەڵێت "بابەتەکە بە رۆیشتنی مێسی کۆتاییهات، کە ئەو لە هیچ شتێک تێنەگەیشت و تووشی شۆک بوو، لە کاتێکدا لاپۆرتا خۆی لە هەڵوێستێکدا بینییەوە کە ناچارە ئەو بڕیارە بدات دوای ئەوەی لەلایەن فێران ریڤێتێرەوە خیانەتی لێکرا، کە دواتر بووە هۆی رۆشتنی لە یانەکە".
 
دواتر لیۆنێل مێسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم هەموو هاوڕێکانیدا، بە گریانەوە ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا کرد و رایگەیاند، هەرگیز بیری لەوە نەکردبووەوە کە ئەم رۆژە ناخۆشە جەبینێت و ناچار دەبێت ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا بکات.