ئۆتۆمبێلێک بە رووخساری مێسی لە زێڕ دروست دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

لە پێشانگای ئەمساڵی ئارت بازل لە مەیامی، کە جوانی و هونەر لە کەشێکی جیاوازدا کۆدەکاتەوە، شاکارێک سەرنجی هەموو جیهانی راکێشا، کە ئۆتۆمبێلێک لە زێر دروستکراوە و رووخساری مێسی لەسەر رووی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵەکە دەردەچێت.
شاکارەکە بریتییە لە ئۆتۆمبێلێکی ناوازەی پاگانی زۆندا ئێف، کە بەتەواوی بە بەکارهێنانی 100 هەزار دراوی زێڕین دروستکراوە، بەڵام تەنیا ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو شاکارێکی زیندووە کە رەنگدانەوەی خولیای هونەرمەند بە تۆپی پێ نیشان دەدات.⁣
ئەم داهێنانە ناوازەیە یەکێکە لە کارەکانی هونەرمەندی ئۆرۆگوایی خواکین ئاربێزا، کە لەلایەن کۆکەرەوەی ئۆتۆمبێلی ناسراو خۆرخی گۆمێزەوە بەو کارە راسپێردرابوو. 
 
ئەنجامدانی کارەکە سێ ساڵی تەواوی خایاند بۆ تەواوکردنی ئەم شاکارە، کە ماوەیەکی درێژترە لەوەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلێکی راستەقینەی پاگانی. ⁣
ئەوەی ئەم کارە جیادەکاتەوە تەنیا وردبینی و هونەرەکەی نییە لە وردەکاریدا، بەڵکو ئەو چیرۆکە ناوازەیەی کە هەڵیگرتووە هەموو بەشێکی زۆندای راستەقینە بەوردی بە بەکارهێنانی دراوی زێڕین بەرهەم هێنراوەتەوە، زیاتر لە نیو ملیۆن خاڵ بەکارهێنراوە بۆ بەستنەوە و راگرتنی پێکهاتەی ئۆتۆمبێڵەکە. ⁣
کێشی شاکارەکە نزیکەی 1250 کیلۆگرامە، کە هەمان کێشی زۆندای راستەقینەیە. سەرەڕای نەبوونی بزوێنەری V12، بەڵام وەک شاکارێکی نموونەیی نایاب دەمێنێتەوە بۆ نمایشکردن لە پێشانگەکاندا.⁣
ئەوەی لە هەموویان زیاتر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە هونەرمەندەکە هونەرێکی لەم شاکارەدا زیادکردووە، و هەندێک لە دراوەکان بە رەنگی رەش بۆیاخ کراون و رێکخراون بۆ ئەوەی وێنەیەکی رووخساری ئەفسانەی تۆپی پێ لیۆنێل مێسی لەسەر رووی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە دروست بکرێت. ئەم کارە سەلمێنەری ئەوەیە کە هونەرمەندەکە زۆر سەرسامە بە لیۆنێل مێسی.
دراوەکان زۆر بە وردی دانراون بۆ ئەوەی هەموو چەمانەوەیەک و وردەکارییەک لە دیزاینی ئۆتۆمبێلەکەدا دروست بکات، لەوانەش تایەکان کە لە خودی دراوەکانەوە دروستکراون. سەرەڕای سەختی پرۆسەکە، ئەنجامەکەی شایەنی هەموو هەوڵێک بوون.⁣