ئەمشەو سعودیە بەسەرکردایەتی رۆناڵدۆ مێژوو دەنووسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو بۆ سعودیە و جیهان شەوێکی تایبەتە، کاتێک یەکێک لە گرنگترین یارییەکان لە خولی تۆپی پێی سعودیە بەڕێوەدەچێت، لەو یارییەدا دوو ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
کاژێر 21:00 لە یاریگەی جەوهرە لە جەددە، لە یارییەکی دواخراوی خولی تۆپی پێی سعودیە، هەردوو یانەی ئیتیحاد و نەسڕ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ئەم دوو یانەیە مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، بەڵام هیچ یارییەکیان وەکو یارییەکەی ئەمشەو جیاواز نابێت، لەکاتێکدا هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بنزیما، دوو هاوڕێی پێشوو لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
هەردوو یاریزانەکە نزیکە 10 ساڵ بەدرێسی سپی ریال مەدریدەوە لە ئیسپانیا بەیەکەوە سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی تیپەکەیان دەکرد، بەڵام ئەمجارە وەکو دوو رکابەر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی شەوی دووشەممە بەدڵخۆشی و ئامادەکارییەکی زۆرەوە بۆ ئەم یارییە گرنگە گەیشتنە جەددە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی خولەکەدا 17 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکاری خولەکەیە، جگە لەوەش یاریزانەکە بە تۆمارکردنی 51 گۆڵ لە کۆی گشتی ساڵەکەدا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری ساڵ دەکات، بۆیەش ئەمشەو پێویستییەکی زیاتری بە تۆمارکردنی گۆڵ دەبێت.
 
دۆن پێویستیی بە گۆڵی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، دووەم گۆڵکاری خولی سعودیە دووربکەوێتەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش لە رکابەریکردن بەردەوامبێت.




کەریم بنزیما لەم وەرزەی خولی سعودیەدا 9 گۆڵی تۆمارکردووە، هاندەرانی یانەکەی چاوەڕێی تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر لە یاریزانەکە دەکەن و زۆر لە ئاستی یاریزانەکە رازی نین.
 
یارییەکەی ئەمشەو لەکاتێکدا دەکرێت، لە دوایین 9 یاریی نێوانیان، یانەی نەسڕ هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، 7 دۆڕان و 2 یەکسانبوونی هەبووە و دوایین بردنەوەی بەرامبەر پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە لە ساڵی 2018 بوو، بەڵام ئەو کاتەش لە یاریگەی ئیتیحاد.



یانەی ئیتیحاد لەم وەرزەدا سەرەڕای ئەوەی راهێنەرەکەی گۆڕیووە ئاستی وەکو پێویست نییە و لە دوایین یارییشیدا لە خولی سعودیە دۆڕاوە و دەیەوێت لە یاریگەی خۆیدا بەبردنەوە لە نەسڕ بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان، ئێستا یانەکە بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی نەسڕ، لەم وەرزەدا لە بەهێزترین یانەکانی سعودیەیە، ئێستا خاوەنی 40 خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، بردنەوەی لە ئیتیحاد یانەکە هەنگاوێکی دیکە لە هیلالی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە نزیکدەکاتەوە.
 
ئەمشەو یاریگەی جەوهەرە مێژوو دەنووسێتەوە، هاندەرانی هەردوو تیپە زەردپۆشەکە دەبنە دووبەش و چاوەڕێی دەرکەوتنی دوو ئەستێرە بەنێوبانگەکەی جیهان دەکەن بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر هەژاندنی تۆڕ و بردنەوەی یارییەکە بکەن.