چارەنووسی زاوا نوێیەکەی بارسێلۆنا نادیارە
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە دانوستاندنەکان، هێشتا داهاتووی عوسمان دێمبێلی لەگەڵ بارسێلۆنا دیارنییە و یەکلایی نەبووەتەوە ئایا ئەو یاریزانە فەرەنسییە لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام دەبێت، یان ریزەکانی جێدەهێڵێت.
ئەگەرچی دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی بارسا لە لایەن چاڤی هێرناندێزەوە، تا راددەیەک بۆچوونی دێمبێلی لەسەر رۆیشتن لە بارسا گۆڕاوە، کە پێشتر بڕیاریدابوو گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە و لە یانەکە بڕوات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نییە دووپاتی بکاتەوە کە عوسمان لەگەڵ بلاوگرانا بمێنێتەوە.
بارسێلۆنا دەیەوێت لانیکەم تاوەکو هاوینی 2024 گرێبەستی عوسمان نوێبکاتەوە و مووچەکەیشی کەم بکاتەوە، کە لەم دوو هەفتەی دواییدا دانوستاندنەکان بە چڕی دەستیان پێکردووەتەوە و بەرپرسانی بارسا دەیانەوێت بەر لە هاتنی ساڵی نوێ هەموو شتێک یەکلایی بکەنەوە.
ئەگەر دێمبێلی، کە بەمدواییە ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی مەغریبی سازکرد، سووربوو لەسەر رۆیشتن و بارسا نەیتوانی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، یانەکە هەوڵدەدات بەخێرایی لە مانگی یەکەمی ساڵی نوێدا بیفرۆشێت، لە ترسی ئەوەی وەرزی داهاتوو، کە لە هاویندا ماوەی گرێبەستەکەی کۆتاییدێت، بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، کە لە لایەن یانەکانی ئەوروپاوە خواستێکی زۆری لەسەرە.
پێشتر هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا رایانگەیاندووە کە عوسمان دێمبێلی بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت.
ماتیۆ بۆدەمر، کە هاوڕێیەکی نزیکی عوسمان دێمبێلییە، بەو سەرچاوانەی راگەیاندووە "ئەستێرەی فەرەنسی دەیەوێت لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام بێت و بۆ ماوەی چەندین ساڵی دیکە درێسی بارسا لەبەربکات، لەبەرئەوەی لەگەڵ چاڤیی راهێنەر و یاریزانە هاوڕێکانی زۆر ئاسوودەیە".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دێمبێلی دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی کەتەلۆنی نوێبکاتەوە، بەڵام ئەوە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە یاریزانەکە هێشتا لەگەڵ کارگێڕیی یانەکەدا نەگەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هێشتا مەترسی لەدەستدانی ئەو یاریزانە لەسەر بارسێلۆنا ماوە، عوسمان دەکرێت دەستەوارەیەکی سەرسوڕهێنەری بۆ بێت و بڕیاری رۆیشتن بدات.
عوسمان دێمبێلی، ساڵی 2017 لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانییەوە بەرامبەر 135 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە رۆڵێکی کاریگەر لەگەڵ ئەو یانەیە ببینێت، بەهۆی ئەوەی کە بە بەردەوامی تووشی پێکان دەبێت.
یاریزانی فەرەنسی لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەوروپاوە چاودێری دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر نیازی رۆیشتنی لە بارسێلۆنا هەبێت، دەستەوارەی پێشکەش بکەن، بە تایبەتی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی لەگەڵ هەر چوار یانەی پرێمەرلیگ، هەر یەک لە مانچێستەر یونایتد، چێڵسی، تۆتێنهام و نیوکاسڵ.
چاڤی هێرنادێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، هەفتەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئیلچێ، لە گەڕی 17ـی لالیگادا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی عوسمان دێمبێلی لە یانەکە و نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی، گوتی "قسەم لەگەڵ دێمبێلی کردووە و پێیڕاگەیاندووم کە حەزدەکات بمێنێتەوە، من گەشبینم".
پێشتر خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی کەتەلۆنیش، لەو بارەیەوە گوتی "پەیوەندییەکی بەهێز من و عوسمان دێمبێلی کۆدەکاتەوە، بەبەردەوامی لەگەڵ نوێنەرەکانی ئەو یاریزانە فەرەنسییە لە گفتوگۆداین، عوسمان خۆیشی ئارەزوو دەکات لە بارسا بەردەوامبێت، ئێمەش گرنگییەکی زۆر بە رۆڵ و تواناکانی ئەو دەدەین".