ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ خەیاڵ دەکاتە راستی

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرکردایەتی یانەی نەسڕی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکی دیکە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا و لە نووسینەوە و تۆمارکردنی ریکۆردی نوێشدا بەردەوامە.
 
لە گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر ئاستی ئاسیا، یانەی نەسڕ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی غەرافەی قەتەری یارییکرد.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و یانەی نەسڕی بەلێدانی سەر پێشخست.
 
لە خولەکی 58 ئەنجێلۆ گابریێل گۆڵی دووەمی بۆ یانە سعودییەکە تۆمارکرد و یانەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووەم گۆڵی خۆی و سێیەمی یانەکەی لە خولەکی 64 تۆمارکرد و بەلێدانێکی بەهێز تۆڕی یانەی غەرافەی هەژاند.
 
دوای ئەوە لە خولەکی 75 خوسێلۆ ئەنجامەکەی بۆ یانەی غەرافە کەمکردەوە، بەڵام بێ سوود بوو و نەسڕ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و چوارەم سەرکەوتنی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بەدەستهێنا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە تۆمارکردنی ئەم دوو گۆڵە، ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا گەیاندە 4 گۆڵ.
 
دۆن لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی 18 گۆڵ و 4 ئاسیستی لەسەر ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەی پۆرتوگال تۆمارکرد، ژمارەی گۆڵەکانی لە کاروانی یارییکردنیدا گەیاندە 913 گۆڵ.
 
ریکۆردێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ئەوەیە، لە دوای تەمەنی 30 ساڵییەوە رۆناڵدۆ 450 گۆڵی لە کاروانی خۆیدا تۆمارکردووە.