ڤیدیۆ؛ دهۆک بۆ مێژوو یاری دەکات و پێویستی بە ئامادەبوونی هاندەرانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بۆ تۆپی پێی کورستان و عێراق، رۆژێکی مێژووییە و لە جامی کەنداودا یانەی دهۆک بەرامبەر یانەی نەسڕ یاری دەکات، راهێنەر و یاریزانانی یانەی دهۆک داوای پاڵپشتی لە هاندەرانیان دەکەن.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان، یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی نەسڕ دوبەی ئیماراتی یاری دەکات و ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردستانی بەرامبەر یانەیەکی ئیماراتی یاری دەکات.
یارییەکە کاژێر 20:00 لەسەر یاریگەی یانەی دهۆک بەڕێوەدەچێت، دهۆک چاوەڕێی هاندەرانی دەکات بۆ ئەوەی ئەمشەو روویەکی گەش و وەرزشییانەی کوردستان پێشانی هەموو کەنداو و ناوچەکە بدەن.
بەر لە یارییەکە مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و دەڵێت "هاندەرانی ئەوان ئامادەنابن و ئێمە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری هاندەرین و پێویستی زۆرمان بە ئەوان هەیە، یارییەکە 90 خولەکە و ناتوانیت بەدرێژایی یارییەکە باش یاری بکەیت، خولەکی خراپیش دەبن، بۆیە لەو خولەکانەدا پێویستیمان بەوان دەبێت، دەبێت ئەوکاتە بیربکەینەوە کە چۆن ئەو خولەکانە بەسەردەبەین، سەلامەتی دەخوازین و دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە."
لەلایەن خۆیەوە پیتەر گورگیس، ئەستێرەی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "رەنگە ئەمە باشترین تیپ بێت کە ئەمساڵ یاریی لەگەڵ دەکەین، بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییە و بەردەوام دەمانەوێت لەگەڵ باشترین یاریزانەکان رکابەری بکەین، ئێمە باوەریمان بە خۆمان هەیە و دەتوانین کاری باش بکەین، چونکە دەزانین سێ خاڵی یارییەکە بۆ ئێمە گرنگە بۆ ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بپەڕینەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە و دڵنیاین دەتوانین بەدەستی بهێنین."
یانەی نەسڕی ئیماراتی، دوو رۆژە هاتووەتە باشووری کوردستان، لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە دوبەیەوە گەیشتنە هەولێر و لەوێشەوە راستەوخۆ چوونە دهۆک، رۆژی دووشەممە یانەکە لەسەر چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆک دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا.
لە ریزەکانی یانەی نەسڕ، مانۆلۆ گابیادینی، ئەستێرەی ئیتاڵی و پێشووی یانەکانی یوڤێنتوس، ناپۆلی، ساوسامتۆن و چەندین یانەی دیکەی بەنێوبانگ دیارترین یاریزانە کە ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی دهۆک یاری دەکات، جگە لەوەش عەلی مەبخوت، هێرشبەری بەنێوبانگی ئیماراتی سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی یانەکە دەکات.
ئەلفرێد شرودەر، راهێنەری یانەی نەسڕە، پێشتر ئەم راهێنەرە هۆڵەندییە لە یانەکانی بارسێلۆنا و ئایاکس کاریکردووە و خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە.
شرودەر بەر لە یارییەکە بە رووداوی گوت "هەندێک یاریزان بەردەوام بەدوای بیانوودا دەگەڕێن، من حەزم لەوە نییە، پێویستە رووبەڕووی هەموو شتەکان ببینەوە، ئەگەر بەفر ببارێت یان هەر شتێک رووبدات، بەلای منەوە گرنگ نییە."
راهێنەری نەسڕ دەڵێت "زۆر گرنگە خۆمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین، بێگومان کەشوهەوا بەراورد بە ئیمارات ساردە، بەڵام بەدڵی یاریزانەکان دەبێت و پێموایە هەلی سەرکەوتنی یانەکان نیوە بە نیوەیە، تیپەکەی دیکەش زۆر بەتوانایە و یاریزانی باشی هەیە، تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرێکی نوێ بەرەوپێشەوە دەچێت و مەسعود کارێکی باش دەکات."
پێش بەڕێوەچوونی ئەم یارییە، یانەی نەسڕ لە دوو یاریی رابردوودا بەبردنەوە لە هەردوو یانەی زەفاری عومانی و ئەهلی سەنعای یەمەنی خاوەنی 6 خاڵە و پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە، یانەی دهۆک بەبردنەوەی لە ئەهلی سەنعا و یەکسانبوونی لەگەڵ زەفار، خاوەنی 4 خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە.