دێربی ئیتاڵیا بۆ یەکلاکردنەوەی پێشەنگی ریزبەند

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو لە سێریا ئەی یەكێك لە بە‌هێزترین یارییەکانی ساڵ بەڕێوەدەچێت کاتێك یوڤێنتۆس میوانداری ئینتەرمیلان دەکات. 
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 13ـی سێریا ئەی ئیتاڵیا، ئەمشەو کاژێر 22:45 یاریگەی ئالیانز ستادیۆم دەبێتە گۆڕەپانی ئەنجامدانی دێربی ئیتاڵیا لە نێوان یوڤێنتۆس و ئینتەرمیلان. 
 
هەردوو یانە بەباشی دەستیان بەم وەرزە کردووە، ئینتەرمیلان لە 12 یاریدا 10 بردنەوە و دۆڕانێك و یەکسانبوونێکی هەیە و بە 31 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرتووە و چاوی لەوەیە 19ـەمین نازناوی سێریا ئەی بۆ خەزێنەی نازناوەکانی زیادبکات. 
 
یوڤێنتۆس کە بەهۆی شکاندنی یاساکانی یاری خاوێنەوە لە هەموو پاڵەوانێتییە ئەوروپیەکان سڕکراوە، لەم وەرزەدا هەموو سەرنجی خستووەتە سەر خولی ئیتاڵی و بە رکابەری سەرسەختی ئینتەرمیلان دادەنرێت دوای ئەوەی پێنج بردنەوەی لەسەر یەكیان تۆمارکرد و رایانگەیاند ئەوان بۆ رکابەری نازناوەکە لێرەن. بیانکۆنێری لە 12 یاریدا نۆ بردنەوە، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە و بە 29 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت. 
 
ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە گرنگییەکی زۆری هەیە، ئینتەرمیلان دەیەوێت بە بردنەوەی یارییەکە پێگەی خۆی لە پێشەنگ قایمتر بکات و لە رکابەرەکانی دوورکەوێتەوە. یوڤێنتۆسیش چاوی لە پێگەکەی ئینتەرمیلانە و دەیەوێت بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە پێشەنگی ریزبەندی پێ چۆڵ بکات. هەرچەندە نیرازۆری بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و پێشەنگی ریزبەندی گرتووە، بەڵام یانەکە هەرگیز حەز بە رووبەڕووبوونەوەی یوڤێنتۆس ناکات بە تایبەتی کە لە دوایین هەشت رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لە خولی ئیتاڵیا بیانکۆنێری پێنج جار ئینتەرمیلانی تووشی شکست کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمجارەش یارییەکی قورس چاوەڕێی ئینتەرمیلان بکات بە تایبەتی کە یوڤێنتۆس چاوی لەوەیە دوای ماوەیەکی زۆر بۆ پێشەنگی ریزبەندی بگەڕێتەوە. 
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانە:
 
یوڤێنتۆس:
گۆڵپارێز؛ چێزنی
بەرگری: گاتی، برێمەر، روگانی
ناوەراست؛ کامبیاسۆ، مکێنی، میرێتی، رابیۆ، کۆستیچ
هێرشبەر؛ کیێزا، کین
 
ئینتەرمیلان:
گۆڵپارێز؛ سۆمەر
بەرگری؛ دارمیان، دی ڤرای، ئاچێربی
ناوەراست؛ دۆمفریس، بارێلا، چالهانۆگلو، میخیتیریان، دی مارکۆ
هێرشبەر؛ تورام، لاوتارۆ مارتینێز