هانزی فلیک: دەبێت قەرەبووی دۆڕانەکەمان بەرامبەر هەنگاریا بکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەبارەی یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، دووپاتیکردەوە کە هەموو رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئینگلتەرا یاریی تایبەت و جیاوازن، گوتیشی "یاریی ئەڵمانیا و ئینگلتەرا کلاسیکۆیەکی راستەقینەیە".
ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، لە دواگەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەسەر یاریگەی وێمبلی پێشوازی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات، کە هەردوو هەڵبژاردە هیوایان بە گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکەیان لەدەستداوە.
هانزی فلیک، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، دووپاتیکردەوە "یاریی ئەڵمانیا و ئینگلتەرا هەمیشە شتێکی زۆر تایبەتە، کلاسیکۆیەکی راستەقینەیە".
راهێنەری مانشافت باسی یاریگەی وێمبلیشی کرد و گوتی "من و جەمال موسیالا لە دەرەوەی یاریگەکە بووین، بە سادەیی دەبێت بڵێیت کە یەکێکە لە جوانترین یاریگاکانی جیهان".
فلیک باسی ئامادەکارییەکانی تیپەکەیشی بۆ ئەم یارییە کرد و گوتی "تیپەکەمان و یاریزانەکانمان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کاتی یارییەکە دەکەن. هەروەها شتێکمان هەیە کە دەبێت قەرەبووی بکەینەوە بەهۆی یارییەکەی هەینی کە لە هەنگاریا دۆڕاندمان و دەمانەوێت لەم یارییەدا لەنێو یاریگادا ئەوە ئەو راستیەی دووپات بکەینەوە".
سەبارەت بە گۆڵپارێزی سەرکی تیپەکەیشی بۆ ئەم یارییە، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا گوتی "بێگومان تێرشتیگن بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات".
فلیک باسی گاریس ساوسگەیتی راهێنەری ئینگلتەراشی کرد و گوتی "ئەگەر بۆچوونی منتان لەسەر ساوسگەیت دەوێت؟ لە راستیدا هەر کاتێک شتەکان بە باشی نەڕۆن، رووی رەخنەکان بەخێرایی لە راهێنەرەکان دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش ساوسگەیت یەکێکە لە سەرکەوتووترین راهێنەرانی مێژووی ئینگلتەرا".