مێسی دەستەوارەیەکی خەیاڵی رەتکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی وردەکاری نوێ لەبارەی دەستەوارە خەیاڵییەکەی یانەی هیلالی سعودی، بۆ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی ئاشکرا دەکات.
 
تۆڕی هەواڵی فۆکس سپۆرتس هەواڵێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەو و دەڵێت "هاوینی ساڵی رابردوو، یانەی هیلال دەستەوارەیەکی پێشکێشی لیۆنێل مێسی کردووە، دەستەوارەکە مێژوویی، گەورە و خەیاڵی بووە و بۆ یەک هەفتە ئەو یانەیە مووچەی 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆی خستووەتە بەردەم یاریزانەکە."
 
جگە لەو مووچە بەرزەی یانەکە پێشکێشی لیۆی کردووە، یاریزانەکە لەرووی داراییەوە سوودێکی زۆری دەبینی و 900 تاوەکو یەک ملیار یۆرۆی لە یانەکە وەردەگرت، بەڵام مێسی دەستەوارەکەی رەتکردەوە.
 
مێسی ئەو کاتەی لە پاریس سانجێرمان چوو، یاریزانێکی ئازاد بوو و هیلال دەیویست یاریزانەکە بۆ دوو وەرز بباتە خولی سعودیە، بەڵام لە گواستنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە سەرکەوتوو نەبوو.
 
لیۆ دەستەوارە گەورەکەی سعودیەی رەتکردەوە و چووە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، لە دوای وازهێنانی لەو یانەیە بەشێکی پشکەکانی یانەکە بۆ مێسی دەبن و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە تاوەکو 2025 بەردەوام دەبێت.
 
مێسی ئێستا بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە و بەهۆی ئەوەوە هەریەکە لە لویس سوارێز، سێرخیۆ بوسکێس و خۆردی ئەلباش پەیوەندیان بە یانە ئەمریکییەکەوە کردووە.