چاوەڕواننەکراو.. نەیمار دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 7 ساڵ رۆیشتن لە یانەی بارسێلۆنا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی هیلالی سعودی بیر لە گەڕانەوە بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکاتەوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "نەیمار تواناکانی خستووەتە بەردەم یانەی بارسێلۆنا و بیر لە گەڕانەوە بۆ یانەکە دەکاتەوە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، لەکاتێکدا بارسا بەدوای یاریزانێکی باڵی چەپدا دەگەڕێت."
 
بەپێی سەرچاوەکە نەیمار پێی وایە، هەلێکی گونجاوە بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک، جارێکی دیکە بەدرێسی یانەی بارسێلۆناوە یاری بکات، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە بیرۆکەی گەڕانەوەی یاریزانەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت یاریزانی نوێ بۆ شوێنە بگوازێتەوە.
 
نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو، بژاردەی یەکەمی بارسا بوو لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، بەڵام بەهۆی یاسای یاریی خاوێن، یانەکە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە سەرکەوتوو نەبوو.
 
ئێستا بلاوگرانا کار بۆ گواستنەوەی فێدریکۆ کیێزا دەکات و ئەو یاریزانەی یانەی یوڤێنتوس نزیکترین یاریزانە لە یانە کەتەلۆنییەکە و ئەگەری هەیە گرێبەستەکەی بە 10 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ تەواو ببێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بارسێلۆنا رەزامەندیی لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە داوە و چاوەڕواندەکرێت گرێبەستی کیێزا ببێتە دووەم گرێبەستی یانەکە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، دوای گرێبەستکردن لەگەڵ دانی ئۆلمۆ، کە تاوەکو ئێستا ناوی یاریزانەکە تۆمار نەکراوە.