ئەو راهێنەرەی کڵۆپ خەونەکەی کردە راستی کۆچی دواییکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سڤن گۆران ئێریکسن، راهێنەری بەنێوبانگی سوێدی و پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کۆچی دواییکرد.
 
دوای ماوەیەکی زۆر لە تووشبوونی بە شێرپەنجەی پەنکریاس، ئەمڕۆ سڤێن گۆران ئێریکسن، راهێنەری بەنێوبانگی سوێدی لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
سەرەتای ئەمساڵ ئێریکسن بەشێوەیەکی فەرمی تووشبوونی خۆی بە نەخۆشی راگەیاند و پزیشکەکان پێیان راگەیاندبوو، تەنیا بەپشتبەستن بە راپۆرتی پزیشکی بە راهێنەرەکەیان گوتبوو تەنیا یەک ساڵت لە ژیاندا ماوە.
ئێریکسن، لە دایکبووی 5ـی شوباتی 1948ـی شاری سەنی سوێدییە، لە 1977 بۆ یەکەمجار لە یانەی دێگەرفۆرسی سوێدی وەکو راهێنەری تۆپی پێ دەرکەوت، یەکەم ئەزموونی کارکردنی وەکو راهێنەر لە دەرەوەی سوێد لەگەڵ یانەی بێنفیکا بوو لە 1982 و پاشان لەگەڵ هەریەکە لە رۆما، فیۆرێنتینا، سامپدۆریا، لازیۆ، ئینگلتەرا، مانچێستەر سیتی، مەکسیک، کۆتدیڤوار، لێستەر سیتی، گوانژۆ، شەنگەهای، شینزین و هەڵبژاردەی فیلیپین کاریکردووە.
 
دیارترین کاروانی کارکردنی راهێنەرە سوێدییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بوو، کاتێک لە 2001 بووە راهێنەری سێ شێرەکان و تاوەکو 2006 بەردەوامبوو و سەرکردایەتیی نەوەی زێڕینی هەڵبژاردەکەی کرد کە هەریەکە لە دەیڤد بێکیهام، ستیڤن جێرارد، وەین روونی، فرانک لامپارد، ریۆ فێردیناند و چەندین ئەستێرەی دیکەی تێدا بوو.


ساڵی 2018 ئێریکسن نزیکبووە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق وەربگرێت، بەڵام دوای چەندین گفتوگۆ کۆبوونەوە، هەردوولا نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
چیرۆکی نەخۆشکەوتنی ئەو راهێنەرە زیاتر سەرنجی هەمووانی راکێشا، کاتێک وەرزی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی "دەزانم دەمرم، هەموو هیوایەتم ئەوەیە ئەگەر بۆ رۆژێکیش بێت ببمە راهێنەری یانەی لیڤەرپوول"، دوای ئەو قسانەی ئێریکسن، یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانە ئینگلیزییەکە رەزامەندیی خۆی پێشاندا بۆ ئەوەی ئێریکسن لە یەکێک لە یارییەکاندا ببێتە راهێنەری لیڤەرپوول و لە یاریی دۆستانەی نێوان ئەستێرەکانی هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ئایاکس سڤێن گۆران ئێریکسن، خەونەکەی بووە راستی و راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوولی کرد.
 
سڤێن گۆران ئێریکسن، 1207 یاریی وەکو راهێنەر ئەنجامداوە، لە 629 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 308 یارییدا یەکسانبووە و لە 270 یارییدا دۆڕاوە و رێژەی بردنەوەکانی 52.11٪ بووە.