ڤیدیۆ؛ پاریس پێش ئاهەنگی ئۆڵۆمپیاد کاری تێکدەرانە بەخۆیەوە دەبینێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی ئاسنینی فەرەنسا، ئاشکرایکرد، تۆڕی هێڵی ئاسنینی فەرەنسا رووبەڕووی هێرشێکی گەورە و کردەوەی تێکدەرانە بووەتەوە، لەوانەش هێرشی ئاگرتێبەردان.
کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی ئاسنینی فەرەنسا، رایگەیاند "چەند کاژێریک بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024، هێڵە خێراکانی شەمەندەفەر لە سەرانسەری فەرەنسا، رووبەڕووی کاری تێکدەرانە بوون و کێشە کەوتە سیستمی هاتووچۆی ئەو وڵاتە".
ئەو کۆمپانیایە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تۆڕی هێڵی شەمەندەفەری وڵات تووشی هێرشێکی گەورەی تێکدەرانە بووە، بەئامانجی ئیفلیجکردنی تۆڕی شەمەندەفەرە خێراکان.
کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە "هەندێک شەمەندەفەر دەتوانن ئاراستەیان بۆ هێڵی کۆن بگۆڕن، بەڵام دەبێت ژمارەیەکی زۆر لە گەشتەکان هەڵبوەشێنرێنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەگەری هەیە ئەم دۆخە بەدرێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت، لانیکەم تاوەکو دەتوانن چاکسازییەکان بکەین".
بەڕێوەبەری تۆڕی شەمەندەفەری نیشتمانی، گوتی "هێرشەکان کە ئاگرکەوتنەوەشی تێدایە، زیانێکی گەورەیان بە دامەزراوەکانمان گەیاندووە و هاووچۆ لەسەر هێڵە زیانلێکەوتووەکان پەکیکەوتووە".
هێڵی باشووری رۆژهەڵات کاریگەری لەسەر نەبووە، چونکە کردەوەیەکی تێکدەرانە پووچەڵکراوەتەوە بەر لەوەی جێبەجێ بکرێت.
حکومەتی فەرەنسا هێرشەکەی سەر تۆڕی شەمەندەفەرەکەی بە 'کردەوەیەکی تاوانکاری' لە قەڵەمدا، کە بەگوێرەی ئاژانسە جیهانییەکان هێرشەکە بۆ سەر تۆڕی شەمەندەفەر لە پاریس کاریگەری لەسەر 800 هەزار سەرنشین دەبێت.
دوابەدوای ئەو هێرشە، پۆلیسی فەرەنسا رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری وێستگەکانی شەمەندەفەر بەهێزترکرد و لەم نێوەندەدا دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کرد بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو کارە تێکدەرانەی کە هێڵەکانی شەمەندەفەر تووشی بوون.