ئەمڕۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دەستپێدەکات و نێچیرڤان بارزانی میوانی ماکرۆنە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دەستپێدەکات و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو سەرکردانەی جیهان، کە لەسەر بانگهێستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکات.
یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد گەورەترین کۆبوونەوەی وەرزشیی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهاندا، کە هەزاران رکابەر لە چەندین وەرزشی جیاوازدا لەخۆدەگرێت، وەک یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان، مەلەکردن، زۆرانبازی، پایسکیلسواری، تۆپی باسکە، تۆپی پێ و یارییەکانی دیکە کە ئارەزوومەندانی بینینی ریکۆردەکان بۆ خۆیان رادەکێشن.
بڕیارە یارییەکانی پاریس 2024 ئەمڕۆ 26ـی تەمموز بە رێورەسمێکی نایاب دەستپێبکەن، کە لە کەنارەکانی رووباری سەین کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان و بۆ ماوەی چوار کاژێر بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئەوەی لیژنەی رێکخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، پێشبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد بۆ ماوەی سێ هەفتە دەخایەنێن و لە رۆژی 11ـی ئاب کۆتایی دێت.
لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2024ـدا لە 32 پێشبڕکێی وەرزشی ئۆڵۆمپیاددا رکابەری لەسەر 584 میدالیا زێڕ، زیو و برۆنز دەکرێت، و 10 هەزار و 500 وەرزشوان، لە 206 لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانی بەشداری تێدا دەکەن.
رێوڕەسمی کردنەوە
یەکەمجارە لە مێژووی ئۆڵۆمپیاددا ئاهەنگی دەستپێک و کردنەوەی ئۆڵۆمپیاد، لە دەرەوەی یاریگاکان بکرێت، کە بڕیارە لە کەنار رووباری سەین بەڕێوەبچێت، کە بە نێوەڕاستی شارەکەدا تێدەپەڕێت.
بڕیارە لە نێوان 6 بۆ 7 هەزار وەرزشوان بەشداری نمایشێکی شەش کیلۆمەتری بکەن لەسەر رووباری سەین، کە لە پردی ئۆستەرلیتزەوە دەست پێدەکات و بە پردی جێنا کۆتایی دێت، لەوێ بە 100 کەشتی و بەلەم دەگوازرێنەوە.
نزیکەی 500 هەزار کەس دەرفەتی بینینی رێوڕەسمەکەیان دەبێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ، جا لە رێگەی شوێنە تایبەتە تەرخانکراوەکان بێت کە لە کەناری رووبارەکەدا دەبن، یان بەخۆڕایی لە باڵکۆن و شوقەکانی دەوروبەری رووبارەکەوە سەیری دەکەن.
رێکخەرانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، رایانگەیاندووە چاوەڕێ دەکەن 1.5 ملیار کەس لە رێگەی تیڤییەکانەوە لە سەرانسەری جیهان بینەری ئاهەنگەکە بن.
بەگوێرەی رێکخەرانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، لە کاتی ناساندنی وەرزشڤانانی سەرجەم وڵاتان، کە لە رابردوودا، دەهاتنە نێو یاریگاکانەوە، ئەمساڵ لەنێو بەلەمدا دەبن و بەنێو رووباری سەیندا تێپەڕدەبن.
چاوەڕێ دەکرێت میوانداریکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2024 لەلایەن فەرەنساوە 9 ملیار دۆلاری تێبچێت. بۆ ئەو مەبەستەش 100 بەلەم ئامادە کراون بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 10 هەزار و 500 وەرزشڤانی کچ و کوڕی بەشداربوو.
رێکخەرانی کاروانەکە رایانگەیاندووە کە لە کاتی کاروانەکەدا سوود لە شوێنەوارە مێژووییەکان و هەموو توخمەکانی سروشت وەردەگرن، و کەناری رووبارێک یان پردێک نابێت کە پڕ نەبێت لە مۆزیک، سەما و نمایش.
ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیاد لە 12 بەش پێکدێت کە بەشێکیان سەبارەت بە وڵاتی میواندار دەبن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان میوانی ئۆڵۆمپیادە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو سەرۆک و سەرکردانەی جیهانە کە بەشداری لە ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکات لە پاریس.
بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسایە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت "سەرۆک نێچيرڤان بارزانى ئێوارهى ئهمڕۆ، هاوڕێ لهگهڵ سهركردهكانى جيهان له ئهليزێى كۆشكى سهرۆكايهتيى فهرهنسا، بهشدارى له رێوڕهسمى كردنهوهى يارييهكانى ئۆلۆمپياددا دهكات".
بەگوێرەی رێکخەرانی ئەو رێوڕەسمە، چاوەڕێ دەکرێت، لانیکەم 120 شا، سەرۆک وڵات و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان ئامادەی ئاهەنگەکە بن.
ئەو سەرکردە دیارانەی بەشداری ئاهەنگی دەستپێکی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکەن، بریتین لە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیەر ستارمەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئۆلاف شوڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا، سێرجیۆ ماتارێلای سەرۆکی ئیتاڵیا، ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆکی ئیسرائیل، تەمیم بن حەمەدی میری قەتەر، کیریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆکوەزیرانی یۆنان و جیڵ بایدنی خانمی یەکەمی ئەمریکا.
میوانانی رێوڕەسمی کردنەوە
وردەکارییەکان سەبارەت بە بەشێک لە هونەرمەندانی بەشداربووی رێوڕەسمی کردنەوەی یارییەکان و ناسنامەی دوایین کەس کە مەشخەڵی ئۆڵۆمپی هەڵدەگرێت و ئەوەی رێگە بە دەستپێکردنی یارییەکان دەدات، بەنهێنی ماونەتەوە، هەروەها تیمی هونەری بۆ رێوڕەسمەکە رایانگەیاندووە کە خەریکی پرۆڤەکردنن بەشێوەیەکی تایبەت بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.
پێشبینی دەکرێت زۆر لە کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوە بن، کە دیارترینیان دەرکەوتنی خانمە گۆرانیبێژی بەنێوبانگ سێلین دیۆن دەبێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیای فەرەنسا، سەبارەت بە سێلین، گوتی "زۆر نایاب دەبێت ئەگەر سێلین لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیاددا لەسەر رووباری سەین لە دڵی پایتەختی فەرەنسا گۆرانی بڵێت، چونکە ئەو گۆرانیبێژێکی گەورەیە".
ماکرۆن بە گاڵتەجاڕییەوە گوتیشی "پێدەچێت گەیشتبێتە پاریس، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیادە ئاشکرا بکات".
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی nbcnews بڵاویکردووەتەوە، سێلین دیۆن لە هۆتێلی Rella Monceau بینراوە، کە هونەرمەندی ئەمریکی لەیدی گاگاش پێش ئۆڵۆمپیاد لەوێ کاتەکانی بەسەردەبات.
سێلین لە ساڵی 2022 سەرجەم کۆنسێرتەکانی هەڵوەشاندنەوە بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی رەقبوونی ماسوولکەکانی ملی بووبوو، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژێیە دەنگییەکانی هەبوو، ئیدی توانای گۆرانی گوتنی نەبوو.
سێلین دیۆن، پێشتر لە ساڵی 1996 لە ئۆڵۆمپیاد گۆرانی گوتووە، کاتێک لە ئەتلەنتا لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.
میسرییەکان زۆرترینی عەرەب و ئەفریقان
لەنێو رکابەرەکانی پێشبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاددا 406 وەرزشوانی عەرەب لە 22 وڵاتەوە لە چەندین وەرزشدا بەشداری دەکەن.
لەنێو سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقادا، میسر بە زۆرترین ژمارەی وەرزشوانان بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی پاریسدا دەکات، کە شاندەکەی لە 164 یاریزان پێکهاتووە و لە 22 یاریی وەرزشی جیاوازدا رکابەری دەکەن، کە پێکهاتوون لە 148 یاریزانی سەرەکی کوڕ و کچ و 16 یاریزانی یەدەگ.
57 هەزار پۆلیس و سەرباز
بۆ کۆنترۆلکردنی دۆخی ئەمنی و پاراستنی شارەکە، حکومەتی فەرەنسا، 35 هەزار پۆلیس و 20 هەزار سەربازی بەنێو شارەکەدا بڵاوەپێکردووە، ئەمە جگە لەوەی دوو هەزار پۆلیسی دیکە لە وڵاتانی دیکەوە رەوانەکراون بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پۆلیسی پاریس.
کێ مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دادەگیرسێنێت؟
ناوی ئەو کەسەی کە لە شەوی کردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی 2024 لە پاریس مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد دادەگیرسێنێت، یەکێکە لە نهێنییە وەرزشییە دیارەکان، کە تەنیا کەمتر لە 10 کەس دەیزانن.
تۆنی ئیستانگێ، سەرۆکی لیژنەی رێکخستنی ئۆڵۆمپیاد، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئەو کەسەی مەشخەڵەکە دادەگیرسێنێت، هێشتا خۆی نازانێت کە دەستنیشانکراوە.