بەریتانیا ژمارەی میدالیا زێڕەکانی گەیاندە سێ میدالیا


رووداو دیجیتاڵ

تۆماس دالی و ماتی لی، دووانەی بەریتانیا لە یاریی خۆ هەڵدانە نێو ئاو میدالیای زێریان لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا بەدەستهێنا.

دووانە بەریتانییەکە سەرکەوتنیا بەسەر چینی بەربژێری سەرەکی بۆ بردنەوەی میدالیای زێڕ بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە رکابەرییەکانی خۆ هەڵدانە نێو ئاودا لە بەرزی 10 مەتر پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.

لە یارییەکەدا دوو مەلەوانەکەی بەریتانیا 471.81 خاڵیان کۆکردەوە، چین پلەی دووەم و میدالیای زیوی بەدەستهێنا دوای ئەوەی 470.58 خاڵی کۆکردەوە.

پلەی سێیەمی پێشبڕکێیەکە بووە بەشی رووسیا کە ئەمیان 439.92 خاڵیان کۆکردەوە.

بەبردنەوەی ئەم میدالیایە، ژمارەی میدالیا زێڕەکانی بەریتانیا لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا بوونە 3 میدالیا، بەشێوەیەکی گشتیش بەریتانیا 6 میدالیای بەدەستهێناوە.