ڤیدیۆ؛ خوشک و برایەک دوو میدالیای زێڕ بۆ ژاپۆن دەبەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

خوشک و برایەکەی ژاپۆنی دوو میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆکیۆ بۆ وڵاتەکەیان بەدەستدێنن و خێزانەکەیان و هەموو ژاپۆنییەکان دڵخۆش دەکەن.

ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ لە سێیەم رۆژیدا، رووداوێکی دیکەی جوان و سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی کاتێک دوو کەسی یەک خێزان لە رۆژێکدا دوو میدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەکەیان بردەوە.

هیفومی ئابێ، یاریزانی جودۆی ژاپۆنی، لە رکابەرییەکانی جودۆی پیاوان لە کێشی 66 کیلۆگرامدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا و ژاپۆنییەکانی دڵخۆشکرد، بەڵام دوای چەند کاژێرێک ئوتا ئابێی خوشکیشی لە هەمان یاری لەسەر ئاستی خانماندا، میدالیای زێڕی لە کێشی 52 کیلۆگرام بەدەستهێنا و دڵخۆشیی خێزانەکەی و ژاپۆنییەکانی دووئەوەندە کرد.

هەواڵی ئەو خوشک و برا ژاپۆنییە، لە لایەن میدیای ئەو وڵاتەوە زۆرترین بایەخی پێدرا و هەردووکیان بە پاڵەوانی ژاپۆن وەسفکران، بەو پێیەی لە خێزانێکدا دوو کەس دوو میدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەکەیان بردووەتەوە.