ئافرەتانی هەولێر بە ریمۆنتادایەکی مێژوویی بوونە پاڵەوانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئافرەتانی هەولێر مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی عێراقی، بۆ یاریی فوتساڵ لەسەر ئاستی خانمان بردەوە.
یارییەکانی جامی فوتساڵی عێراق بۆ ئاستی خانمان ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەبەشداریی 10 یانە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، کە یانە بەشدارەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران و یانەی ئافرەتانی هەولێر تاکە یانەی باشووری کوردستان بوو کە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد و نازناوەکەی بردەوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی6ـی 2023 لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی ئافرەتانی هەولێر رووبەڕووی یانەی قوە جەوییەی شاری بەغدا بووەوە، سەرەتا یانەی جەوییە باشتر دەرکەوت و بە دوو گۆڵ پێشکەوت، بەڵام یانەی ئافرەتانی هەولێر خۆی بەدەستەوە نەدا و بەسەرکردایەتی شوخان نوورەدین، توانیان ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆماربکەن و بە چوار گۆڵ وەڵامی یانەکەی بەغدا بدەنەوە.
یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بەرژەوەندیی یانەی ئافرەتانی هەولێر کۆتاییهات، یانەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی عێراقی بردەوە و ئەمە دووەم نازناوی یانەکەیە لەم وەرزەدا دوای ئەوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر نازناوی خولی کوردستانی بەدەستهێنا.
پێشتر مەزن محەممەد، راهێنەری یانەی ئافرەتانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامانجی ئەوان لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا یەک شتە، ئەویش بەدەستهێنانی نازناوی جامی عێراقە و دەیانەوێت لەنێو شاری دهۆک نازناوەکە پێشکێشی شارەکە و هەموو کوردستان بکەن."