13 یاریزان بۆ دەرەوەی ئۆڵدترافۆرد

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەنیازە دەرگای رۆیشتن بە رووی 13 یاریزانیدا بکاتەوە، لە ماوەی وەرزی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.
 
مانچێستەر یونایتد هەوڵدەدات لەم هاوینەدا نزیکەی 100 ملیۆن پاوەند کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە گرێبەستە نوێیەکان خەرجی بکاتەوە.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، مانچێستەر یونایتد ئامادەیە دەستبەرداری  13 یاریزانی ببێت لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستا.
 
بەهۆی یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە، بودجەی ئێریک تێن هاگی راهێنەر بۆ نزیکەی 120 ملیۆن پاوەند کەمکراوەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی ناوەڕاست و هێرشبەرێک و گۆڵپارێزێک بکات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو ئەو یاریزانانەی کە لەم هاوینەدا بۆ فرۆشتن بەردەستن، ناوی جادۆن سانچۆ، هاری ماگوایەر، ئەنتۆنی مارسیال و سکۆت مەکتۆمینای تێدایە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، هیچ کام لەو چوار یاریزانەی پێشتر باسمان کردن، ناچار ناکرێن ئۆڵدترافۆرد جێبهێڵن، بەڵکو تێن هاگ دڵخۆش دەبێت بە مانەوەیان و تێکۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی شوێنێکی سەرەکی لە پێکهاتەکەدا، بەڵام ئەگەر هەر یەکێک لەو یاریزانانە بڕوات، ئەوا بۆشاییەک لە تیپەکەدا بەجێدەهێڵێت و دەبێت پێش وەرزی نوێ بگۆڕدرێن.
 
مانچێستەر یونایتد ئامادەیە بەرامبەر 45 ملیۆن پاوەند سانچۆ بفرۆشێت، هەروەها بە 40 ملیۆن پاوەند دەستبەرداری ماگوایەر دەبێت.
 
مارسیال کە دەچێتە دواساڵی گرێبەستەکەی، مانچێستەر یونایتد نزیکەی 25 ملیۆن پاوەند داوادەکات بۆ فرۆشتنی.
 
سەبارەت بە ماکتۆمینای، لە مانچێستەر یونایتد رێزێکی زۆری لێدەگیرێت، بەڵام بەهۆی هاتنی کاسێمیرۆ و کریستیان ئێریکسن ناچارن دەستبەرداری بن، نرخەکەی دەگاتە 40 ملیۆن پاوەند.
 
هەروەها دین هێندێرسۆنی گۆڵپارێز دەچێتە پۆلی ئەو یاریزانانەی کە یونایتد بە نرخێکی گونجاو دەیانفرۆشێت، کە دەکرێت بگاتە 15 ملیۆن پاوەند.
 
سەبارەت بەو هەشت یاریزانەی دیکە کە مانچێستەر یونایتد دەیەوێت خۆی لێیان رزگاربکات، یانەکە چالاکانە بەدوای یانەی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی پێیان بدات.
 
نرخی فرۆشتنی هەریەکە لە فرێد، دۆنی ڤان دی بەیک، ئەنتۆنی ئیلانگا بە 20 ملیۆن پاوەند و ئەلێکس تێلێس 10 ملیۆن پاوەند و ئێریک بەیلی 2 ملیۆن و براندۆن ویلیامز 5 ملیۆن پاوەند دیاریکراوە.
 
لە کاتێکدا هانیباڵی یاریزانی تونسی بەهای 13 ملیۆن دەبێت، لە کاتێکدا مانچێستەر یونایتد رەزامەندی نیشانداوە لەسەر فرۆشتنی زیدان ئیقباڵی عێراقی بە یانەی ئۆترێختی هۆڵەندی بە بڕی 850 هەزار پاوەند، لەگەڵ گۆڕانکاری بەرچاو.