مارسێلۆ پێشوازیی لە نادیە موراد کرد و خەڵاتی کرد
رووداو دیجیتاڵ
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە بەرازیل سەردانی یانەی فلومێنێنسیی کرد و لە نزیکەوە چاوی بە مارسێلۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی فلومێنێنسی کەوت.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی فلومێنێنسی و باهیا لە رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی بەرازیل، نادیە موراد سەردانی یانەکەی کرد و لەنێو یاریگەی ماراکانا ئامادەی یارییەکە بوو، کە فلومێنێنسی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەو یانەیە، نادیە چاوی بە سەرۆکی یانەکە ماریۆ بینتێنکۆرت و یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی بەرازیل کەوت، کە مارسێلۆیە و پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو، ئێستاش لە یانەی فلومێنێنسی یارییدەکات.
مارسێلۆ درێسێکی ژمارە 12 کە خۆی ئەو ژمارەیە دەپۆشێت بە واژۆی خۆی و ناوی نادیە موراد پێشکێشی باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
یانەی فلومێنێنسی لەبارەی پێشوازییکردن لە نادیە موراد لەسەر ماڵپەری خۆی نووسیوویەتی "نادیە موراد لەلایەن ماریۆ بینتێنکۆرتەوە پێشوازیی لێکرا و خەڵاتێکی تایبەتی پێدرا کە لەسەری نووسراوە ئێمە مێژوویین و چالاکڤانەکە لە شوێنی تایبەتی یاریگەدا سەیری بردنەوەی یانەکەمانی کرد بەرامبەر یانەی باهیا."
نادیە موراد لەبارەی ئەو سەردانەی بۆ یاریگەی ماراکانا و چوونی بۆ سەیرکردنی یارییەکە بە ماڵپەری یانەی فلومێنێنسیی گوت "دەزانم وڵاتێکی دوورە، بەڵام لە عێراق بەهۆی تۆپی پێوە زۆر شت لەبارەی بەرازیلەوە دەزانین، پێشتر لەگەڵ براکانم سەیری یارییەکانی بەرازیلم دەکرد و دەزانم تۆپی پێ چۆن دڵخۆشی بۆ ئەو وڵاتانەی وەک عێراق دەهێنێت، کە هیچ شتێکی ئاوایان نییە، من زۆر شت بەهۆی تۆپی پێوە لەبارەی بەرازیل دەزانم و زۆر دڵخۆشم کە لێرەم و بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەیری یارییەکە دەکەم."