پزیشکانی ریال مەدرید نهێنییەک سەبارەت بە سێرخیۆ رامۆس ئاشکرادەکەن

رووداو دیجیتال

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، باس لەوە دەکەن کە گورزێکی کوشندە بەر سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەی ریال مەدرید کەوتووە و داهاتووی لەم ماوەیەدا بە نادیاریی دەمێنێتەوە. پزیشکانی ریال مەدریدیش نهێنییەکی نێوان لویس ئێنریکیی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و سێرخیۆ رامۆس ئاشکرادەکەن.

ئەو سەرچاوانە پێیانوایە لویس ئێنریکیی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بە بانگهێشتنەکردنی رامۆس بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆدا، زیانێکی زۆری بەو یاریزانە گەیاندووە، چونکە ئەو کارەی هەڵوێستی رامۆسی لاوازکردووە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەو کارەی ئێنریکی وای لە یانەکانی دیکە کردووە گرێبەستی گرانبەها پێشکەشی رامۆس نەکەن، بێگومان ئەمەش وادەکات رامۆس نەتوانێت گوشار بخاتە سەر بەرپرسانی ریال مەدرید.

ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە، دەڵێن "رامۆس چەندین دەستەوارەی لە تیپە گەورەکانەوە پێگەیشتووە، بەڵام ئێستا هیچ یەکێک لەو دەستەوارانە لەو دەستەوارەی ریال مەدرید باشتر نییە، بەڵکو هیچ یەکێکیان لە رووی نرخەوە هاوتای ئەویش نین، کە یانەی شاهانە بۆ نوێکردنەوە پێشکەشی کاپتنەکەی کردووە و رامۆس پێی رازی نییە".

هەروەها دەشڵێن "بەشداریکردنی رامۆس لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یۆرۆدا هاندەری زیاتر و دەرفەتی نوێی پێدەدا".

تا دێت کاتەکە کەمدەبێتەوە و ریال مەدرید و رامۆسیش هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە تەمەن 35 ساڵییەکە، کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، رامۆس ئازاد دەبێت و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە هەر یانەیەک کە حەزی لێیە.

لۆس بلانکۆس بە کاپتنەکەی راگەیاندووە، گرێبەستەکەت بۆ ساڵێک نوێدەکەینەوە، مووچەکەت لە 12 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دەبێتە 10.8 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش بەهۆی ئاستی رامۆس نییە، بەڵکو یانەکە لە قەیرانی داراییدایە و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی دارایی زۆری بەرکەوتووە، دواتر ئەگەر لە ساڵی 2022 باش بێت، گرێبەستەکەی تاوەکو 2023 نوێدەکرێتەوە و مووچەکەی دەکرێتەوە 12 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام رامۆس سوورە لەسەر ئەوەی ماوەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی 2 ساڵ بێت.

ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە، باس لەوە دەکەن کە رۆژانە زیاتر ئەو راستییە رووندەبێتەوە کە ریال مەدرید لاری نییە لە رۆیشتنی سێرخیۆ رامۆس، بەچاوپۆشین لەوەی چی بەسەر چارەنووسی رافایێل ڤارانی بەرگریکاری فەرەنسی دێت، کە ئەویش داوای رۆیشتن لە یانەی شاهانە دەکات، هەرچەندە رامۆس باشترین کەسە کە لەنێو ژووری جلگۆڕیندا رۆڵی سەرکردە ببینێت و بە باشی کۆنترۆڵی بکات".

سێرخیۆ رامۆس، لەم وەرزەدا بە درێسی ریال مەدریدەوە 21 یاریی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا کردووە، 4 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی تەنیا ئاسیستێکە.

لویس ئێنریکی، هەمووانی تووشی شۆک کرد، کاتێک هیچ یاریزانێکی یانەی ریال مەدریدی بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردی ئیسپانیا نەکرد، بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2020 کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە چەند شارێکی ئەوروپی بەڕێوەبچێت، کە ئەمە جاری یەکەمە ئەمە رووبدات.

یەکێک لەوانەی بانگهێشتنەکردنیان زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، سێرخیۆ رامۆس بوو، پاساوەکەی راهێنەری هەڵبژاردەی ماتادۆر ئەوەیە کە کاپتنی یانەی ریال مەدرید پێکانی هەیە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی شاهانە، دەڵێن "پزیشکانی ریال مەدرید پێشتر لویس ئێنریکی و پزیشکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیایان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە رامۆس هیچ کێشەیەکی نەماوە و لە رووی توانای جەستەییشەوە ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆدا".