هەواڵێکی شۆکهێنەر بۆ هەوادارانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ

رووداو - هەولێر

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدی یانەی میلانی ئیتاڵی لە مەشقەکانی یانەکەیدا تووشی پێکانێکی قورس بوو.

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لەوانەیە بەهۆی ئەو پێکانەوە نەتوانێت جارێکی دیکە یاری بکاتەوە، کە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتاڵیا دەڵێن "لەوانەیە ئەمە کۆتایی کاروانی یاریکردنی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ بێت".

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە پێکانەکەی ئیبرا زۆر تووند و مەترسیدارە، بەڵام سبەی هەموو پشکنینە پێویستەکانی بۆ دەکرێن، بۆ ئەوەی بزانرێت پێکانەکەی تا چەند مەترسیدارە و چارەسەریشی چەند کاتی دەوێت.

لە زستانی ئەمساڵدا زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە یانەی لۆس ئەنجلس گالاکسییەوە گەڕایەوە میلان و دوای مانگ و نیوێک یاریکردن بۆ ئەو یانەیە، سەرجەم چالاکی و خولە وەرزشییەکان راگیران، بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە کاتی دەستپێکردنەوەی مەشقی یانەکانیش زڵاتان گەڕایەوە میلان، بەڵام دوای چەند رۆژێک لە دەستپێکردنەوەی مەشقەکان تووشی پێکان بوو.

پێپ دیستیفانۆی راگەیاندنکاری ئیتاڵی، لەبارەی پێکانەکەی زڵاتانەوە دەڵێت "لە کاتی مەشقەکاندا زڵاتان لە هێکڕا وەستا و کەوتە سەر زەوی، دوای تەواوبوونی مەشقەکانیش لە قاچیدا هەستی بە ئازارێکی زۆر دەکرد".

ئەو راگەیاندنکارە هەروەها دەڵێت "ئێستا ترس لەوەیە پێکانەکەی زڵاتان بەشێوەیەک قورس بێت، کە نەتوانێت جارێکی دیکە یاری بکاتەوە".

لەبەرئەوەی تەمەنی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ 38 ساڵانە، ئەگەر پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، لەوانەیە گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان نیمچە مەحاڵ بێت.