بەهۆی ریال مەدریدەوە، یاریزانێک بە تووندی سزادەدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریزانێکی یانەی ئالمێریای ئیسپانی بۆ چوار یاری سڕدەکرێت، بەهۆی ئەوەی لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید گوتبوی "یارییەکەمان لێدزرا."
 
لە گەڕی 21ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید میوانداری ئەلمێریای کرد و بە ئەنجامی 3-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا. یارییەکە چەندین بڕیاری مشتومڕهەڵگری دادوەری بەخۆوە بینی. لە خولەکی 53ـی یارییەکەدا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ریال مەدرید هەژمارکرد و بێلینگهام گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد. دواتر لە خولەکی 61 ئەلمێریا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، ناوبژیوان بە بیانوی فاوڵ گۆڵەکەی رەتکردەوە. شەش خولەک دوای ئەو رووداوە، ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد و ناوبژیوان بەبیانووی ئەوەی تۆپەکە بەر دەستی کەوتووە، راستەوخۆ گۆڵەکەی رەتکردەوە، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، گۆڵەکەی هەژمارکرد. 
 
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، گۆنزالۆ مێلێرۆ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان تووڕەیی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە دەردەبڕێت و دەڵێت "ئێمە  یارییەکەمان لێدزرا. لێدانێکی سزای نادرووستیان بۆ هەژمارکرا، گۆڵێکیان بەدەست تۆمارکرد، گۆڵێکی ئێمەشیان رەتکردەوە. ئێمە چەندین ساڵی رووناکی لەوەوە دوورین ببینە باشترین خولی جیهان". 
 
دوابەدوای ئەو قسانەی مێلێرۆ، لێژنەی تەمبێکاریی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بڕیاریدا فایلێک بکاتەوە و دەکرا یاریزانەکە بەهۆی قسەکانییەوە تاوەکو 12 یاری سڕبکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاردرا بۆ چوار یاری سڕبکرێت و بەمشێوەیە لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەی بێبەشدەبێت.