ریال مەدرید بەهێنانی ئێمباپێ ناوەستێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەیەوێت هەمان رێگەی گواستنەوەی جود بێلینگهام بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەستێرەیەکی بایرن میونشن بگوازێتەوە. 
 
بەپێی هەواڵەکان، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، ریال مەدرید هەرزوو خۆی ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی ئالفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری کەنەدی و ئەستێرە یانەی بایرن میونشن، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە باڤارییەکە لە هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.
 
بەپێی رۆژنامەی مارکا، دەیڤز ماوەیەکی زۆرە بڕیاری پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدی داوە و نایەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە یانە مەدریدییەکە دەیەوێت دەیڤز بە هەمان شێوەی بێلینگهام بگوازێتەوە، کە کاتێک ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ دۆرتمۆند ساڵێکی مابوو تەواوببێت، بە یانەکەی راگەیاندبوو کە جگە لە ریال مەدرید نایەوێت یاریی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە بکات، یانە ئەڵمانییەکەش کاتێک زانیویەتی بێلینگهام گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، بڕیاریداوە بیفرۆشێت و پارەیەکی زۆری لێدەستبکەوێت لە جیاتی ئەوەی چاوەڕێی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی بکات و رێگەی بدات بە خۆڕایی یانەکە بەجێبهێڵێت. 
 
بایرن میونشن بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، یانەکە لە خولی ئەڵمانیدا هەشت خاڵ لە دوای بایەرلیڤەرکوزنی پێشەنگەوە دێت. بەپێی مارکا، بایرن دەیەوێت بڕە پارەیەکی لە فرۆشتنی دەیڤزدەستبکەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت تیۆ هێرناندێزی بەرگریکاری یانەی ئەیسی میلان بۆ شوێنی ئەو بگوازێتەوە، بەپێی هەواڵەکان بایرن داوای نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات لە پێناو دەستبەرداربوون لە ئەستێرە کەنەدییەکە. 
 
دەیڤز لە ساڵی 2019 بەبڕی 14 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ڤانکوڤەرەوە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، لەماوەی یاریکردنی بۆ ئەو یانەیە توانیویەتی پێنج نازناوی بوندێسلیگا، چامپیۆنزلیگێک و چەند نازناوێکی دیکە بەدەستبهێنێت.