دێربیی مەدرید.. ئەو یارییەی تەنیا بارسێلۆنا ئاهەنگی بۆ گێڕا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید تاڕادەیەک بێهیوابوونی خۆی لە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا راگەیاند، دوای ئەوەی بەزەحمەت لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسانبوو.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 23ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد و یارییەکەش بە ئەنجامی گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.
لە نیوەی یەکەمدا کەس گۆڵی بۆ تۆمارنەکرا، بەڵام رووداوەکانی نیوەی دووەم کاریگەر و سەرنجڕاکێش بوون، لە خولەکی 64ـدا کۆریا بە ئەنیشک لە رودگێری بەرگریکەری ریالی دا و ناوبژیوان راستەوخۆ بە کارتی سوور کردیە دەرەوە.
بە کردنەدەرەوەی ئانخێل کۆریای یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەموو پێیانوابوو کە ریال ئەرکی ئاسان دەبێت و دەتوانێ گۆڵ بکات، کەچی رووداوەکان پێچەوانەبوون.
لە خولەکی 78 خۆسێ ماریا خیمینێز بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد.
ریال لە خولەکی 85 ئالڤارۆ رۆدریگێزی لاو توانی ئەنجامەکە بۆ یانەی شاهانە راستبکاتەوە و گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، دوای یاریەکەش بە باشترین یاریزانی ئەو یارییە دیاریکرا.
بەم یەکسانبوونە، جیاوازیی خاڵەکانی نێوان ریال مەدریدی دووەم و بارسێلۆنای یەکەم بۆ 7 خاڵ کەمبووەوە، بەڵام بارسێلۆنا یارییەک کەمتری ئەنجامداوە و ئەمشەو میوانی یانەی ریال مایۆرکا دەبێت لە کاژێر 20:30.