ڤیدیۆ؛ دوو ئەستێرەی بەنێوبانگی پرێمەرلیگ و ئاسیا قسە بۆ رووداو دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەستێرەی دیاری کیشوەری ئاسیا و خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن و دەڵێن دەمانەوێت نازناوی جامی ئاسیا بۆ وڵاتەکەمان ببەینەوە.
 
هەریەکە لە سۆن هیونگ مین، ئەستێرەی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، هوانگ هی چان، هێرشبەری ئەو هەڵبژاردەیە و یانەی ولڤەرهامپتۆنی ئینگلیزی، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن و باس لە دۆخی هەڵبژاردەکەیان دەکەن، دوای گەیشتنیان بە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا.
 
دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر مالیزیا، رووداو وەک یەکەم میدیای کوردی لێدوانی لە سۆن هیونگ مین وەرگرت و لێی پرسی: لە یاری ئۆلیمپیادی رابردوودا، ئێوە بە رووحیەتێکی بەرزەوە یاریتان دەکرد، ئایە ئێوە هێشتا ئەو رووحییەتەتان تێدا ماوە؟
 
سۆن وەڵامی پرسیارەکەی رووداوی دایەوە و گوتی " بەڵێ، بەدڵنییایەوە، ئێمە دەمانەوێت پاڵەوانیەتییەکە بۆ وڵاتەکەمان ببەینەوە و ئەوە شتێکە کە من بەردەوام خەونم پێوە بینیوە؛ ئێمە هێشتا ئەو رۆحییەتەی جاران و زیاتریشمان بۆ بردنەوەی پاڵەوانیەتییەکە هەیە"
 
دوای کاپتنی کۆریا، هوانگ هی چان، ئەستێرەی ئەو هەڵبژاردەیەش قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئەوان باش یاریان کرد و ئێمەش بەهەمان شێوە باش یاریمان کرد و نەدۆڕاین، ئەو یەک خاڵەشی کە بەدەستمان هێناوە، زۆر گرنگە. لە یاری داهاتوو دەتوانین ئاستێکی زۆر باشتر پێشکەش بکەین و دەتوانین باشتر بین، باش لە یەکتری تێدەگەین و پێویستیشە خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین."
 
لەبارەی قۆناخی داهاتوو و ئەو هەڵبژاردەیەی رووبەڕووی دەبنەوە، هوانگ هی چان بە رووداوی گوت "نەخێر، ئێمە بیریمان لە یاری داهاتوو نەکردووەتەوە و ئێمە گرنگی بە تیمی بەرامبەر نادەین و تەنیا یاری خۆمان دەکەین و دەشتوانین کە لە هەموو کەسێک ببەینەوە؛ ئێمە تیمێکی زۆر باشین و لە یاری داهاتووش دەیبینن."
 

 

هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا، بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک لەگەڵ هەڵبژاردەی مالیزیا یەکسانبوو، کۆریا بە دووەمی کۆمەڵەی پێنجەم گەیشتە قۆناخی شازدە و لە قۆناخەدا لە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە یاریی دەکات.
 
تۆڕی میدیایی رووداو، وەک یەکەم میدیای کوردی لە سەرەتای جامی ئاسیاوە لە دەوحەی پایتەختی قەتەرە و رووماڵی سەرجەم رووداوەکانی جامی ئاسیا دەکات و دەیان ئەستێرە و راهێنەری هەڵبژاردە جیاوازەکان بۆ رووداو قسەیانکردووە.