یانەی هەولێر چاوی لە رکابەریی خولی عێراقە

رووداو هەولێر

یانەی هەولێر بەمەبەستی بەهێزکردنی ریزەکانی گرێبەستی لەگەڵ 3 یاریزان واژۆکردووە و بەردەوامە لە بەهێزکردنی ریزەکانی، کە یەکێکیان یاریزنای هەڵبژاردەی ئۆگەندایە.
 
دوای کۆتایهاتنی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی عێراق و بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە، یانەی هەولێر لەسەر داواکاری غازی فەهد راهێنەری تیپەکە کەمپێکی راهێنانی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کردەوە و چەند یارییەکی دۆستانەشی ئەنجامدا.
 
دوورخستنەوەی 6 یاریزان دەسپێکی گۆڕانکارییەکانی یانەی هەولێر بوو، لەسەر داوای راهێنەر یانەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی گرێبەستی لەگەڵ حەسەن عاشوور واژۆکرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق دەستپێدەکەنەوە، یانەی هەولێر سبەی هەینی کاژێر 16:30 لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداری یانەی نەفتی بەسرە دەکات.
 
غازی فەهد، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "هەموو ئامانجێکم دڵخۆشکردنی هاندەرانە، بۆ ئەم قۆناخە تیپەکەم لە رووی شێوازی یاریکردن جیاواز دەبێت و رکابەری دەکەین".
 
درێس زەردەکان دوو یاریزانی پیشەگەریان لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا هێناوەتە ریزەکانیان، زەید جەمال ئەبوعابدی یاریزانی ئوردنی کە پێشتر یاری بۆ یانەکانی فەیسەڵی، سەڵت، یەرمووک و شەبابی ئوردنی کردووە، لە ریزی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵیمپی لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی یاریکردووە.
 
ئیمانوێل ئۆکۆی یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆگەنداش درێسی زەردی پۆشی، ئەم یاریزانە پێشتر لە خولی تونسی، میسری لەگەڵ یانەی زەوڕا یاریکردووە. هەر دوو گرێبەستەکەش تەنیا بۆ قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراقن.
 
زەید جەمال، بۆ رووداو روونیکردەوە "من لە ئوردن زۆر ناوبانگی یانەی هەولێرم وەک یانەیەکی بەنێوبانگی ناوچەکە دەبینی، هاتووم بە پیشاندانی ئاستێکی بەرز خزمەتی یانەکە  بکەم".

 

بازاری گواستنەوەی یاریزانان سەرەتای مانگی داهاتوو دادەخرێت، دەستەی کارگێری یانەی هەولێر لە گفتوگۆی بەردەمدان لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەیان.
 
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەم یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی پازدەی ریزبەندی خولەکەیە.