پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتال
یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، لە دوایین کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا، پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی کچانی هەڵبژاردەی پارێزگاکانی عێراق لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
کێبرکێکە رۆژی 10ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت، راهێنەر و شارەزایانی هەڵبژاردەی عێراق ئامادەی پاڵەوانێتییەکە دەبن، بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی کچانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیەکانی ئاسیا و رۆژئاوای ئاسیا.
تاهیر سابیر، سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی لقی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە، لەبەرئەوەی ئێمە ناوبانگێکی گەورەمان هەیە لەسەر ئاستی عێراق لەم یارییەدا و خاوەن مێژووین".
یەکێتیی لەشجوانی هەولێر 16 کچە یاریزان تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجامدرا، باشترین 10 کچە یاریزان بۆ هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق دەستنیشانکران، بڕیارە ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانیان دەستپێبکات.
سابیر روونیکردەوە "چاومان لە ئەنجامێکی باش و تەواوی نازناوەکانی پاڵەوانێتییەکەیە، لەبەرئەوەی کچە یاریزانەکانمان ئەزمووندارن و خاوەن میدالیای عەرەبن، ئەمساڵ دەمانەوێت هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق کوردبن".