ئەو چارەسەرییە چییە کە لامین خێراتر چاکدەکاتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
هەواڵە خۆشەکە گەیشتە هاندەرانی بارسێلۆنا، سەبارەت بە پێکانەکەی لامین یامال. کە زۆر زوو چاک دەبێتەوە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە نهێنی ئەو چارەسەرە تایبەتە چییە کە لە دوبەی لامین یامال وەریدەگرێت؟ کە لەگەڵ محەممەدی ئامۆزای بۆ ئەو مەبەستە لە دوبەیە.
هاندەرانی بارسێلۆنا لە دۆخێکی زۆر دڵەڕاوکێدان، دوای پێکانەکەی لامین یامال ئەستێرەی یانەکە، ئەمەش وایکردووە لە یارییەکانی تیپەکەدا بەشداری نەکات.
یامال لە یارییەکەی بەرامبەر لیگانێس لە خولی ئیسپانیا لە پاژنەی پێیدا تووشی پێکان بووەوە، و گومان لەسەر بەشداریکردنی لە جامی سوپەری ئیسپانیا دروستکردووە، کە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
یامالی تەمەن 17 ساڵ، پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی با بارساوە بکاتەوە و بەشداری لە جامی سوپەری ئیسپانیادا بکات، کە لە شانشینی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
بارسا رۆژی 8ـی1ـی2025 بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یاری دەکات و رۆژی دواتر ریال مەدرید رووبەڕووی ریال مایۆرکا دەبێتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یامال لەگەڵ محەممەدی ئامۆزای و سوهەیبی هاوڕێی لە دوبەی لە ئیمارات بووە، بۆ ئەوەی لەوێ کریسمس بەسەر بەرن، ئەمە جگە لەوەی بەرنامەیەکی چارەسەری پەیڕەو کردووە بۆ ئەوەی لە پێکانەکەی پاژنەی پێی رزگاری بێت.
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، ماوەی هەفتەیەک یامال بە جۆرێک لە پلازما چارەسەر دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە، لەو بارەیەوە زیاتر دەڵێت "بارسا پشت بەم چارەسەرە تایبەتە دەبەستێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی چاکبوونەوەی یامال بۆ ئەوەی بەخێرایی بتوانێت بگەڕێتەوە".
بارسێلۆنا بیر لە درێژکردنەوەی پشووەکانی یامال دەکاتەوە لە ئیمارات، بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە بۆ ئارامگرتن و وەرگرتنەوەی وزە دوای ماندووبوونێکی زۆر لە سەرەتای وەرزدا.