نرخی جلوبەرگەکانی رۆناڵدۆ لە دوایین دەرکەوتنیدا

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، لە دەرەوەی یاریگە دەرکەوت و لە دوایین دەرکەوتنیدا جارێکی دیکەی کاردانەوەی گەورەی لەنێو میدیا و هاندەراندا دروستکرد.
 
رۆناڵدۆ دوو رۆژ لەمەبەر هاوشانی وەزیری وەرزشی سعودیە و چەند ئەستێرەیەکی دیاری جیهان لە یارییە جیاوازەکاندا ئامادەی یارییەکی هونەری شەڕکردن بوو، کە تێیدا کۆنۆر ماکگریگۆر، ئەستێرەی ئێرلەندی و یارییەکەش ئامادەیبوو و لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەیەکەوە بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوتن.
 
کریس لەو بۆنەیەدا بە چاکەتێکی براندی گوچی، کاتژمێرێکی براندی هوبلۆت و چاویلکەیەکی سەرنجڕاکێش لە براندی بێلڤیۆر دەرکەوت، ئەمەش کاردانەوەی دروستکرد و نرخی جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی لە جیهاندا بڵاوبووەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئەو چاکەتەی رۆناڵدۆ لەو بۆنەیەدا لەبەریکردووە نرخەکەی دەگاتە 2800 دۆلار کە چاکەتێکی رەنگی سەوزی سەرنجڕاکێشە.

 



کاتژمێرەکەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە لە مارکەی هوبلۆت، بەپێی بەدواداچوونەکان نرخەکەی دەگاتە 100 هەزار دۆلار، کاتژمێرەکە رەنگا و رەنگە و ناوەوەی بەشێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش نەخشێنراوە.
 



چاویلکەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نرخەکەی لە کەلوپەلەکانی دیکەی هەرزانترە و تەنیا بە 77 دۆلارە، کە رەنگە کەسێکی ئاساییش بتوانێت چاویلکەیەکی لەو شێوەیە بکڕێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ جگە لەوەی بە ئاست و دەستکەوتەکانی بەنێوبانگە، یەکێکە لەو یاریزانانەی براندێکی تایبەت بەناوی CR7 هەیە و خۆیشی لەگەڵ چەندین براندی جیاواز لە بوارە جیاوازەکاندا گرێبەستی هەیە، بەمەش هەمیشە دەرکەوتنی لە بۆنە جیاوازەکاندا کاردانەوەی بەدوادا دێت.