سبەی پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی لە شەقڵاوە دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی یەکشەممە بە بەشداری 16 وڵات پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە شارۆچکەی شەقڵاوە دەستپێدەکات. 
 
یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکی زۆری کردووە بۆ ئامادەکردنی شوێنی شیاو بۆ مانەوەی میوانان و وڵاتانی بەشدار، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەتوون تاوەکو ئێستا شاندی 13 هەڵبژاردە گەیشتوونەتە هەولێر و بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی وڵاتانی میسر، تونس لەگەڵ دوورگەکانی قەمەر بگەنە پایتەختی هەرێمی کوردستان. 
 
پاڵەوانێتییەکە لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی شەقڵاوە بە رێوڕەسمێکی گەورە بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی ئاسیا و عەرەبی لەگەڵ وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق دەستپێدەکات، هەروەها یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە 5 رۆژ لەسەر ئاستی کوڕان و کچان بەردەوامدەبن.
 
تاهیر سابیر، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەموو لیژنەکانمان لە ئامادەباشیدان و کارەکانمان زۆر باش رۆیشتوون لە پێشوازیی میوانان و دابینکردنی دوو هۆڵی تایبەتی راهێنان بۆ تەواوی یاریزانەکان". 
 
هەڵبژاردەی عێراق ماوەی مانگێکە لەنێو کەمپێکی راهێناندایە، لەسەر ئاستی کوڕان هیچ یاریزانێکی کوردی تێدا نییە، بەڵام تەواوی یاریزانان و راهێنەرانی هەڵبژاردەی کچانی عێراق کوردن و چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی گەورە لە ئاستی هەڵبژاردەی کچانی عێراق دەکرێت.
 
ئۆشین موحسین، یاریزانی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی کچانی عێراق، روونیکردەوە "ئامادەکارییەکانی زۆر باشمان کردووە و دەمەوێت بەردەوام بم لە ئەنجامە باشەکانم، من خاوەنی 30 میدالیای زێڕی پاڵەوانێتیەکانی ئاسیا و عەرەبیم". 
 
جاری سێیەمە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، دووجار لە شاری هەولێر و ئەمجارەیان رکابەرییەکان لە شەقڵاوە دەبن.