ئەستێرەیەک هێرشی تووند دەکاتە سەر هاندەرانی پاریس سانجێرمان
رووداو دیجیتاڵ
ئەدریان رابیۆ، یاریزانی یانەی مارسیلیای فەرەنسی، هێرشی تووندی کردە سەر هاندەرانی پاریس سانجێرمان و گوتی هیچ کات پشتگیری منتان نەکردووە.
رابیۆ پێشتر یاریزانی پاریس سانجێرمان بوو، بەهۆی چوونی بۆ مارسیلیا، رکابەری مێژوویی یانە پاریسییەکە، رووبەڕووی رەخنە و هێرشی هاندەرانی یانەکە بووەوە.
رابیۆ لە هاوینی ئەمساڵدا پاش هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوسی ئیتاڵی، روویکردە یانەی مارسیلیا.
رابیۆ لە لێدوانی بۆ میدیای فەرەنسا لەبارەی رەخنەی هاندەرانی سانجێرمانەوە گوتی، "درۆتان لەگەڵ ناکەم، بەدرێژایی ئەوکاتەی لە پاریس سانجێرمان بووم، هاندەرانی یانەکە هیچ پشتگیرییان نەکردم".
هەروەها دەڵێ، "ئەوان هیچ شتێک، دیاریشیان پێشکێش نەکردم، ئێستاش بەمن دەڵێن کە من نازهەڵگیراوی یانەکە بووم، لە کاتێکدا پێنج ساڵ لە یوڤێنتوس یارییمکرد. دەبێ ئەو قسانە رابگرن، چونکە هیچ لە راستییەکان ناگۆڕێت".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لە وەرزی کۆتاییمدا لەگەڵ پاریس، کاتێک کارکەنارکرام و لە تیپەکە دوورخرامەوە، هاندەرانی سانجێرمان پشتگیرییان نەکردم، هەربۆیە منیش ناچاربووم بەرگەی دۆخەکە نەگرم و بڕیارمدا یانەکە بەجێبهێڵم".
رابیۆ دەڵێ، "تاکە شت کە ناتوانم بەرگەی بگرم، بێڕێزییە لە سۆشیال میدیا، هەست بەبێئومێدی و خەمێکی گەورە دەکەن، لەبەرئەوەی بابەتەکە چووەتە دەرەوەی تۆپی پێ".
ئەدریان رابیۆ، زیاتر دەڵێ، "دەزانم من هەندێکم لەوانە بێئومێدکرد کە یادەوەرییەکانی ئەدریان رابیۆیان لەگەڵ پاریس سانجێرمان لەدڵدا هەڵگرتووە".
رابیۆ لە هاوینی 2019 یانەی پاریس سانجێرمانی بەجێهێشت، پاشئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ کارکەنارکرا و لە تیپەکە دووخرایەوە، پاشئەوەی ویستی زۆری بۆ چوونە بارسێلۆنای ئیسپانی پێشاندا.