ژمارەیەک هاندەر بەهۆی کلاسیکۆوە دەستگیرکران

25-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کلاسیکۆی فەرەنسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لەبەردەم یاریگەی ڤێلۆدرۆمی تایبەت بە مارسیلیا دروستیانکرد، 21 هاندەر دەستگیرکران.
 
یاریی کلاسیکۆی فەرەنسا، لەنێوان هەردوو یانەی مارسیلیا و پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی مارسیلیا کرا، بەر لە ئەنجامدانی یارییەکە هاندەرانی خاوەن یاریگە وەک هەمیشە بە یاریی ئاگرینەوە چوونە بەردەم یاریگە و گرژی و ئاڵۆزی زۆریان دروستکرد، بەشێکی زۆری هاندەرانیش بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد " دایکی مێسی سوزانییە."
 
میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە، هاندەرانی یانەی مارسیلیا رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە و بەو هۆیەوە 9 کەس لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، بەو هۆیەشەوە 21 هاندەر دەستگیرکراون.
 
لە یارییەکەدا زیاتر لە 65 هەزار هاندەر ئامادەبوون، یاریزانانی یانەی پاریس سانجێرمان لەژێر گوشارێکی زۆردا یارییەکەیان ئەنجامدا، بەهۆی ئەوەی کە هاندەرانی مارسیلیا بەبەردەوامی شتیان دەگرتە یاریزانانی یانەکە و چەندجارێکیش ناوە ناوە یارییەکە بەهۆی هاندەرانەوە رادەگیرا.
 
یارییەکانی نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و مارسیلیا، بەتایبەت کە لە یاریگەی مارسیلیا بێت هەمیشە چاوەڕێی دروستبوونی گرژیی لێدەکرێت و پۆلیسیش بەبەردەوامی لەبارەی ئەو یارییەوە هۆشداری دەدات، بۆ ئەوەی هاندەران گرژی دروستنەکەن.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە لە خولی فەرەنسادا ئەم رووداوانە روودەدەن، لەسەرەتای ئەم وەرزەدا لە گەڕی سێیەمی خولەکەدا لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نیس و مارسیلیا، هاندەرانی نیس دەبەیەکی ئاویان گرتە دیمیتری پایێ، یاریزانی یانەی نیس، دەبەکە بەر ملی ئەو یاریزانە کەوت، یاریزانەکەش دەبەکەی بۆ هاندەران هەڵدایەوە، دوای ئەوە هاندەرانی یانەی نیس رژانە نێو یاریگە و بە لێشاو هێرشیانکردە سەر پایێ و یاریزانەکانی دیکەی یانەی مارسیلیا، بەمەش شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە لەنێوان هەردوولادا روویدا، بەو هۆیەشەوە یارییەکە تەواونەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە