ئایا ئێمباپێ بەشداری لە دێربیی مەدریددا دەکات؟
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، نیگەرانییەکی زۆر لەنێو ستافی تەکنیکی یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی کارلۆ ئەنچێلۆتی هەیە، سەبارەت بەو پێکانەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی تیپەکە تووشی بووە، لەکاتێکدا داوای گۆڕانکاری کردووە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس.
دوێنێ سێشەممە، هەردوو یانە لە گەڕی حەوتەمی خولی ئیسپانیا، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، رووبەڕوی یەکدی بوونەوە و ریال مەدرید بەئەنجامی 3-2 یارییەکەی بردەوە. بەڵام ئەوەی نیگەرانی لێکەوتەوە، دەرچوونی ئێمباپێ بوو دوای ئەوەی هەستی بە ئازار کرد لە رانی چەپیدا.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، دوای یارییەکە لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان، گوتی "ئێمباپێ باشە، بەدەست ئازارێکەوە دەناڵێنێت، داوای لێکردم بیگۆڕم، ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکات".
لەکاتێکدا رۆژنامەی رێلیڤۆ، بڵاویکردەوە "ئێمباپێ بەهۆی ئازاری قاچییەوە یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و ئالاڤێسی تەواو نەکرد، هەرچەندە پێدەچوو پێکانەکەی قورس نەبێت، بەڵام هێرشبەرە فەرەنسییەکە بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت لە ماسوولکەکانی رانی چەپیدا".
لە چەند کاژێری داهاتوودا پشکنینی بۆ دەکرێت، کاتێک تیپەکە پشوویەک وەردەگرێت، یان رۆژی پێنجشەممە، قسە لەگەڵ پزیشکەکان دەکات سەبارەت بە قەبارەی پێکانەکەی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی دێربیی مەدرید لە چوار رۆژی دیکەدا، بۆیە ئێستا ناتوانرێت ئامادەبوونی لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید پشتڕاست بکرێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشکنینەکان قەبارەی پێکانەکەیان دیاری نەکردووە، بەڵام رەشبینی لەلایەن یانەکەوە هەیە سەبارەت بە بەشداریکردنی کیلیان لە دێربیدا".
لە خولەکی 80ـی یارییەکەدا، ئێمباپێ یاریگای بەجێهێشت و ئاردا گولەر جێگەی گرتەوە، ئەو بەخێرایی رۆیشت، سەیری خوارەوەی دەکرد، کاتێک گەیشتە نێو کورسییەکانی یەدەگ، کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری ئاگادارکردەوە کە ئازاری هەیە.
ریال مەدرید، کە لە سەرەتای وەرزەوە تاوەکو ئێستا لە 9 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاوە، بە 17 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندیی لالیگای گرتووە و بە خاڵێک لەدواوەی بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە، کە یارییەک کەمتری ئەنجامداوە و ئەمشەو میوانداریی خیتافی دەکات، کە پلەی 19ـەم و پێشکۆتایی گرتووە.