دیدێ دیشامپ: تەنیا منم بڕیاردەدەم کێ یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، رەتیدەکاتەوە لەبەر خاتری کەس، یاریزانێک بباتە مۆندیال و دەشڵێت "منم بڕیار دەدەم کێ یاری بۆ فەرەنسا دەکات، نەک یاریزانان". سەبارەت بە ئۆلیڤێ ژیرۆش، گوتی "من لە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەردا بڕیاری خۆم دەدەم".
 
لە دوایی یاریی گەری یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم، لە قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی فەرەنسا دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی دانیمارک، ئەگەرچی ئەنجامی یارییەکە هیچ سوودی نابێت، بەو پێیەی پاڵەوانی جیهان هیوای نەماوە بە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، سەبارەت بە چارەنووسی ئۆلیڤێ ژیرۆی هێرشبەری یانەی میلانی ئیتاڵی لە مۆندیالی قەتەر لە دیشامپ کرا، کە دوای پێکرانی کەریم بنزیمای هێرشبەری ریال مەدرید، بانگهێشتی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان کرایەوە؟ 
 
راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، گوتی "ژیرۆ پشتگیرییەکی تایبەتی هەیە، پشتگیرییەکی زۆر بۆ ئۆلیڤێ، لەبەرئەوەی شایەنی ئەوەیە. من چی دەڵێم مەخوێنەوە. تەنیا واقیعە و ئێوە دەزانن. یاریزانەکان بەشداری لە دەستنیشانکردنی پێکهاتەی هەڵبژاردەکەماندا ناکەن، ئەوە رۆڵی ئەوان نییە، منم بڕیار دەدەم کێ یاری بۆ فەرەنسا دەکات".
 
ئەو زیاتر لەبارەی هێرشبەرەکەیەوە گوتی "ئێستا ئەرکی ژیرۆ ئەوەیە پارێزگاری لە ئاستی خۆی بکات، تواناکانی باش دەزانم، پێدەچێت زیاتر لەوانی دیکە لەگەڵ یاریزانەکاندا هاوئاهەنگ بێت، هەروەها بە رۆحی تیپی بەکۆمەڵ یاری دەکات".
 
سەبارەت بەوەی ئایا ژیرۆ بەشداری لە مۆندیالدا دەکات یان نا؟ دیشامپ گوتی "من لە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەردا وەڵامی خۆم دەدەمەوە".
 
پێشتریش بۆ ماوەی چەندین ساڵ، کەریم بنزیما لە لایەن دیشامپەوە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخرایەوە، تەنانەت رێگەی پێنەدا بەشداری لە مۆندیالی 2018ـی رووسیا بکات، کە فەرەنسا نازناوەکەی بردەوە، بەڵام دواتر بانگهێشتی کردەوە و بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر هیوایەکی زۆەی بە تواناکانی هەیە، کە ئێستا بەهۆی پێکانەوە لە مەدرید ماوەتەوە.