یانەی هەولێر گرێبەستێکی سوپەر رادەگەیێنێت



رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی پیشەگەری بەرازیلی واژۆ دەکات.
 
یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی هیگۆر فیلیپی ڤیدال، یاریزانی ناوەڕاستکاری بەرازیلی راگەیاند و یاریزانەکە پەیوەندی بە قەڵای زەردەوە دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یانەی هەولێر ماوەی دوو هەفتەیە گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکە دەکات و ئەمڕۆ بەفەرمی کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە تەواو بوون.
 
هیگۆر فیلیپی ڤیدال، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە و بە قاچی چەپ یاری دەکات.
 
یاریزانەکە تەمەنی 27 ساڵە، پێشتر لە تیپی لاوانی سانتۆسی بەرازیلی، پۆرتۆی پۆرتوگالی، یانەکانی پاس جیانینای یۆنانی، زالگرێسی یۆنانی، گالاکسی ئەفریقای باشوور و چەند یانەیەکی دیکە یارییکردووە.
 
یانەی هەولێر لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پێنج یاریزانی پیشەگەری گواستووەتەوە، دوو یاریزانی تونسی، یاریزانێکی جامایکی، یاریزانێکی بەرازیلی و گرێبەستی هێلیۆ مۆنتێرۆی بەرازیلیشی نوێکردووەتەوە.
 
هەولێر چەند رۆژی داهاتوو، بۆ خۆ ئامادەکردنێکی باشتر بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ دەچێتە تورکیا و کەمپێکی مەشق و راهێنان ئەنجامدەدات.