گریزمان چوونە لای رۆناڵدۆ رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئانتوان گریزمان، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، رازی نەبوو بچێتە لای کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولی رۆشنی سعودی.
 
میدیاکانی ئیسپانیا، ئاشکرایانکرد کە گریزمان دەستەوارەیەکی گەورەی لە یەکێک لە یانەکانی خولی پیشەگەری سعودیە رەتکردووەتەوە، کە دەیویست لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا بیباتە ریزەکانی.
 
لە هاوینی ئەمساڵدا چەندینجار لە لایەن میدیاکانەوە باس لە ئەگەری جێهێشتنی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە لایەن گریزمانی تەمەن 32 ساڵەوە کراوە، چەندین سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە یانەی نەسڕی سعودی دەیەوێ بیگوازێتەوە ریزەکانی.
 
فوت مێرکاتۆ، پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو یانەیەی ئێستاش دەیەوێ دەستەوارە پێشکێشی گریزمان بکات، هەر یانەی نەسڕە، بەڵام ئەستێرەی فەرەنسی رازی نەبووە بچێتە خولی رۆشنی سعودی.
 
کەناڵەکانی کاسی قەتەری، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیانەوە لە تویتەر، رایانگەیاندووە "سەرچاوەیەکی فەرەنسی بۆ کەناڵەکانی کاس پشتڕاستیکردەوە، کە ئەنتوان گریزمان، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، دەستەوارەیەکی گەورەی یانەیەکی سعودی رەتکردووەتەوە، و بڕیاریداوە بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانە ئیسپانییەکەی بەردەوام بێت".
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان پێشبینیان کردووە گریزمان لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بڕوات، بەهۆی ئەوەی کە بڕی مەرجی سزایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی زۆر کەمە و تەنیا 25 ملیۆن یۆرۆیە.