ڤیدیۆ؛ تور دو فرانسی خانمان.. لیبێرتی یەکەمی گەڕی دووەم بوو

رووداو دیجیتاڵ

گەشتی ئەمساڵی تور دو فرانس کۆتاییهات و گەشتی خانمان دەستیپێکردووە و باشترین خانمە پایسکیلسوارانی جیهان رکابەری لەسەر نازناوەکەی دەکەن.
 
لە رۆژی دووەم و لە گەڕی دووەمدا، لیبێرتیی خانمە پایسکیلسواری ئەڵمانی بەسەر هەموو رکابەرانیدا سەرکەوت و بە شایستەیی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
ماوەی پێشبڕکێکەی ئەم گەڕە 152 کیلۆمەتر بوو، کە لە ناوچەیەکی شاخاوی سەخت و ناڕێک بەڕێوەچوو، لە کلێرمونت-فێرانەوە دەستیپێکرد و لە مۆریاک کۆتاییهات.
 
خانمە پایسکیلسوارە ئەڵمانییەکە بە چوار کاژێر و سێزدە خولەک و چل و سێ چرکە ماوەی پێشبڕکێیەکەی کۆتایی پێهێنا، دوای ئەویش لۆتی کۆپکی خانمە پایسکیلسواری بەلجیکی پلەی دووەمی بەدەستهێنا. پلەی سێیەمیش بۆ سیلڤیا پێرسیکۆی خانمە پایسکیلسواری ئیتاڵی مایەوە.
 
لۆتی کۆپکی، سەرەڕای ئەوەی لەم گەڕەدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا، هەر لە پێشەنگی ریزبەندیی گشتیدا مایەوە، کە چل و نۆ چرکە لە پێش لیبێرتی ئەڵمانییەوەیە و ئاشلی مۆلیمان پاسیۆی خانمە پایسکیلسواری ئەفریقای باشووریش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
 
ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی تور دو فرانسی خانمان بەڕێوەدەچێت و ئەنجامەکانی کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر ریزبەندییەکەوە دەبێت، بۆیە لۆتی کۆپکی و لیبێرتی هەموو هەوڵێکیان دەدەن لەپێناو دەستگرتن بە پێشەنگی ریزبەندیی گشتی.