هەولێر بۆ سەرکەوتنێکی دیکە یاریدەکات
رووداو هەولێر
ئەمڕۆ لە گەڕی 33ـی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، کاژێر 21:30 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فڕانسۆ هەریری میوانداری یانەی کەرخ دەکات.
تیپی خاوەن یاریگە و هاندەران ئامادەکارییەکی زۆریان بۆ بردنەوەی یارییەکە کردووە، لە ریزەکانی هەولێر تەنیا شێرکۆ کەریمی ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەرد ناتوانێت یاری بکات.
عەباس عوبێد، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ درێژەدان بە ریتمی سەرکەوتنەکانمان لە خولی عێراق کردووە، تاکە کێشەمان لە ماوەی ئەو بیست رۆژەی کە خولی عێراق وەستابوو نەبوونی یاریی دۆستانە بوو، ئێمە تەنیا راهێنانمان دەکرد و بەهۆی تەواوبوونی خولی نایابی کوردستان هیچ یانەیەک نەبوو یاری لەگەڵدا بکەین".
یانەی کەرخ تیپێکی کۆنی شاری بەغدایە، ئەو تیپەی ئەحمەد رازی ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق یاری بۆ کردووە، سێ رۆژە گەشتی شاری هەولێری بەمەبەستی راهێنان و ئامادەکارییەکی باش بۆ یارییەکە کردووە، چونکە بۆ ئەم یارییە کەرخ بێبەشە لە تواناکانی 4 یاریزانی سەرەکی.
ئەحمەد عەبدولجەبار، راهێنەری یانەی کەرخ، بۆ رووداوی روونکردەوە "ئێمە راستە بێبەشین لە توانای بەشێکی زۆری یاریزانە سەرەکیەکانمان، بەڵام بەگشتی تیپەکەم لاوە و یاریزانی بەتوانامان هەیە، ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران و یاریکردن بەرامبەر یانەی هەولێر چێژێکی زۆرمان پێدەبەخشێت".
لە مێژووی خولی نایابی عێراقدا، یانەی هەولێر و یانەی کەرخ 37 یارییان بەرامبەر بە یەکدی ئەنجامداوە، یانەی هەولێر 9 یاری بردووەتەوە، یانەی کەرخ 15 یاری بردووەتەوە لە 13 یاریشدا یەکسانبوون.
یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 45 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقە، یانەی کەرخ بە 43 خاڵ لە پلەی سێزدەمە.
هەر ئەمڕۆ لە خولی نایابی عێراق ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
نەفت - زاخۆ
نەجەف - شورتە
تەڵەبە - نەفتی بەسرە