رەحیم ستێرلینگ لە چێڵسی نزیکە

رووداو - هەولێر

 

یانەی چێڵسی دەستەوارەیەکی بە بەهای 60 ملیۆن پاوەن پێشکێشی یانەی مانچێستەر سیتی کردووە، لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی رەحیم ستێرلینگ
 
رۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە: "تۆد بۆیلی خاوەنی نوێی یانەی چێڵسی، بەڵێنی بە تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانەی چێڵسی داوە کە شەش یاریزانی لە مێرکاتۆی هاوینەدا بۆ دەگوازێتەوە، تاوەکو ئێستا ئامانجی یەکەمی چێڵسی رەحیمی تەمەن 27 ساڵانە".
 
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات: "تۆماس تۆخێل بەرلەوەی چێڵسی دەستەوارە پێشکێشی مان سیتی بکات، قسەی لەگەڵ رەحم ستێرلینگ کردووە و باسی شێوازی یاریکردن و پێدانی رۆڵی گرنگی کردووە بە یاریزانە ئینگلیزییەکە، چونکە نیگەرانی ستێرلینگ لە مان سیتی ئەوەیە وەکو پێویست دەرفەتی بەشداریکردنی لە یارییەکان پێنادرێت، بۆیە لەپێناو خولەکی زیاتری یاریکردن یانە لەندەنییەکە هەڵدەبژێرێت".
 
رۆژنامەکە هۆکاری هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ستێرلینگ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، یانەی چێڵسی دەیەوێت بە گواستنەوەی ستێرلینگ شوێنی رۆمێلۆ لوکاکو پڕبکاتەوە کە ئەم هاوینە بەشێوەی خواستن پەیوەندی دەکات بە یانەی ئینتەرمیلانەوە.
 
رەحیم ستێرلینگ هاوینی داهاتوو ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەسەردەچێت، بەدرێژایی وەرزی رابردوو چەند جارێک دانوستاندنی نێوان سیتی و ستێرلینگ شکستیهێنا، بۆیە هەردوولا بە باشی دەزانن، کۆتایی بە پێکەوە کارکردنی نێوانیان بهێنن.
 
تاوەکو ئێستا چێڵسی لە مێرکاتۆی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ هیچ یاریزانێک نەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لەنێو یانەکەدا رووبدات، هەریەکە لە رۆدیگێر، کریستیانسن، یانەکەیان جێهێشتووە، پێشبینی دەکرێت هەریەکە لە یاریزانان، رۆمێلۆ لوکاکو، حەکیم زیاش، سیزار ئیزپیلیکویتا و مارکۆس ئەلۆنسۆ ریزەکانی چێڵسی جێبهیڵن، بۆیە یانە لەندەنییەکە بەسەرپەرشتی تۆخێل شەش یاریزانی نوێ بۆ ریزەکانی چێڵسی دەگوازێتەوە.