ئوروگوای بە بردنەوەیەک گەیشتە قۆناخی 8ـی کۆپا ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئوروگوای دوای دۆڕان و یەکسانبوونێک یەکەم بردنەوەی لە کۆپا ئەمریکا بەدەستهێنا.

لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆپا ئەمریکا هەردوو هەڵبژاردە بەرامبەر یەکدی یارییان کرد و ئوروگوای یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە.

لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 40دا خیرۆ کوێنتێرۆس بە هەڵە تۆڕی بۆلیڤیای هەژاند و ئەم گێمە بەم تاکە گۆڵە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 79دا ئیدینسۆن کاڤانی گۆڵی دووەم و بردنەوەی یارییەکەی بۆ ئوروگوای تۆمارکرد و یەکەم سێ خاڵی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێنا.

ئوروگوای لە کۆمەڵەی یەکەمە و بەم بردنەوەیە هاتە پلەی چوارەم و بە فەرمی بۆ قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکا سەرکەوت، بۆلیڤیاش هیچ هیوایەکی نەماو لە سێ یاریدا سێ دۆڕانی هەیە و ماڵئاوایی لە کۆپا ئەمریکا کرد.

لە یارییەکی دیکەدا هەڵبژاردەی چیلی سەرەڕای دۆڕانی بە هەڵبژاردەی پاراگوای بۆ قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکا سەرکەوت.

پاراگوای لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە.

لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 33 برایان سادۆمۆ گۆڵی یەکەمی پاراگوای تۆمارکرد و ئەم گێمە بەم تاکە گۆڵە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 58دا میگێل ئالمیرۆن بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی بۆ پاراگوای تۆمارکرد و یارییەکەیان بە دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە.

سەرەڕای ئەم ئەنجامە هەردوو هەڵبژاردە گەیشتنە قۆناخی 16 و چیلی یارییەکانی ئەم قۆناخەی ئەنجامداوە و پاراگواش یارییەکی ماوە ئەنجامی بدات.