ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوایین مەشق و ئامادەکارییە لە یاریگەی سان مامێس لە هەرێمی باسکی ئیسپانیا، تیپی تۆپی پێی خانمانی بارسێلۆنا خۆیان بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادەدەکەن، یارییەکە کە لەنێوان دوو بەهێزترین تیپی ئێستای جیهان لەسەر ئاستی خانمان دەکرێت، بارسێلۆنای ئیسپانیا و لیۆنی فەرەنسی.
بارسێلۆنا ئەمە جاری چوارەمە لەسەریەک دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی خانمان، ئەوان پێچەوانەی تیپی یانەکەیان لەسەر ئاستی پیاوان، لەم وەرزەدا هاوشێوەی چەند وەرزی رابردوو بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتوون و ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە.
بلاوگرانا چاوی لەوەیە نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بباتەوە و ژمارەی نازناوەکانی بۆ سێ نازناو بەرزبکاتەوە.
بارسێلۆنا لە کاتێکدا رووبەڕووی لیۆن دەبێتەوە، نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیای بەدەستهێناوە، چەند رۆژێک کەم لەمەوبەریش جامی شاژنی ئیسپانی بردەوە و چاوی لە سێیەم نازناوی ئەم وەرزەیە.
ئەوەی بارسا زیاتر بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ هاندەدات، دوو هۆکارەکە، یەکەمیان ئەوان لە 2022 لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر لیۆن دۆڕاون، دووەمیشیان دەیانەوێت پارێزگاری لە نازناوی ساڵی رابردوویان بکەن.
ئەوەی بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی دەکات، خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین تیپە لەسەر ئاستی خانمان، یانەی لیۆن خاوەنی هەشت چامپیۆنزلیگە و دەیەوێت نازناوێکی دیکە بباتەوە.
لیۆن وەرزی رابردوو نەیتوانی لە قۆناخی هەشت ببپەڕێتەوە، لەم وەرزەشدا پاڵەوانی خولی فەرەنسایە و لە جامیش کراوەتە دەرەوە، کەواتە تیپەکە لەم وەرزەدا بە هەڵبەز و دابەزی زۆردا تێپەڕیووە و دەیەوێت بەرامبەر بارسا بە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ وەرزەکەی بگەیێنێتە کەناری ئارام.
ئاڵنگارییەکە لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر بارسێلۆنا ئەوەیە، یانەکە دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە لیۆن بباتەوە، لەکاتێکدا لە پێنج رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو یانەیە هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە.
بۆ لیۆن گەڕانەوەی بۆ سەر سەکۆی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتیی یانەکانی ئەوروپان و دەیەوێت دوای دوو وەرز دوورکەوتنەوە بۆ نۆیەمجار لە مێژوویدا باوەش بە جامی چامپیۆنزلیگدا بکات.