ڤیدیۆ؛ زاخۆ بەبردنەوەیەکی گەورەوە گەڕایەوە پلەی سێیەم
رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی کارەبا بووەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
زاخۆ بە ئاستێکی بەرزەوە دەستی بە یارییەکە کرد و لە خولەکی 24، لە رێگەی دیۆنی ریباس گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
هێرشەکانی زاخۆ بۆ سەر گۆڵی کارەبا بەردەوامبوون، لە خولەکی 34، داروین لۆپێز گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی زیاتر کرد.
لە گێمی دووەمدا، کارەبا چەند هەلێکی گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، لە خولەکی 81، رەفیق ئەمینۆ گۆڵی یەکەمی یانەکەی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و جیاوازییەکەی کەمکردەوە.
ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی کارەبا تەنیا خولەکێکی خەیاند، فرانک سیدریک لە خولەکی 82 توانی گۆڵی سێیەمی زاخۆ تۆماربکات و یارییەکە بە ئەنجامی 3-1 لە بەرژەوەندی زاخۆ کۆتایی هات.
بەم بردنەوەیە یانەی زاخۆ ژمارەی خاڵەکانی بۆ 40 خاڵ زیادکرد و گەڕایەوە بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.