فەرمی.. دەستلەکارکێشانەوەی سلێمان رەمەزان رەتکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک داواکاریی سلێمان رەمەزان، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەکەی لە خولی عێراق رەتکردەوە و راهێنەرەکە لەگەڵ یانەکە بەردەوامدەبێت.
 
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، دوای ئەوەی کارگێڕیی یانەی دهۆک کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر رووداوەکانی دوای یاریی یانەکەیان بەرامبەر یانەی تەڵەبە ئەنجامدا، بە کۆی دەنگ داواکاریی سلێمان رەمەزان، بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە راهێنەرایەتی یانەکە رەتکرایەوە و کارگێڕیی یانەی دهۆک پاڵپشتیی خۆی بۆ راهێنەری یانەکەیان دووپاتکردەوە.
 
یانەی دهۆک لە قۆناخی دووەمی خولی عێراقدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین، لە جامی عێراق کرایە دەرەوە، لە دوایین یارییشیدا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی تەڵەبە دۆڕا، ئەمە ناڕەزایەتی بەشێکی هاندەرانی لێکەوتەوە و مامەڵەیەکی دوور لە گیانی وەرزشییان بەرامبەر سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەکە کرد، بەو هۆیەشەوە راهێنەری دهۆک داواکاریی بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە پێشکێشکرد، بەڵام داواکارییەکەی رەتکرایەوە.
 
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "بارودۆخی ئابووریی یانەکە خراپە و هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکان چارەسەربکرێن و یانەکە ئەنجامەکانی باشتر بکات."
 
جگە لەوەش یانەی دهۆک دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو ئەنجامانەی بەدەستیانهێناون، هۆکاری سەرەکی سلێمان رەمەزان بووە و شانازیی بەو دەستکەوتانەوە دەکەن کە ئەو بۆ یانەکە بەدەستیهێناون، بەتایبەتیش گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ خولی یانە نایابەکانی عێراق.