رکابەرێکی سەرسەختی لیڤەرپوول بووە و ستایشی کڵۆپ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەفسانەیەکی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی ستایشی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول دەکات و دەڵێت "بەدڵناییەوە ئەزموونێکی نایاب دەبوو ئەگەر لەژێر سەرپەرشتی کڵۆپ یاریم کردبووایە."
 
ماوەی چەندین ساڵە مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول رکابەری لەسەر نازناوە نێوخۆیی و ئەوروپییەکان دەکەن و بە رکابەری سەرسەختی یەکدی دادەنرێن، لەم وەرزەی پرێمەرلیگیشدا سیتیزنس خاوەنی 63 خاڵە و تەنای خاڵێک لە دوای لیڤەرپوولی دووەم و ئارسیناڵی پێشەنگی خولەکەوەیە. 
 
یۆرگن کڵۆپ رایگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەی بەجێدە‌هێڵێت و پێدەچێت ئەوە پاڵنەرێکی باشی دابێت بە یاریزانەکانی بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوازێکی ناوازە ماڵئاوایی لەو راهێنەرە بکەن کە رێدزی گەڕاندەوە سەر سەکۆی نازناوەکان. کۆن ئەگوێرۆ، ئەفسانەی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتیش سەرسامی خۆی بە راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەردەبڕێت و دەڵێت "کڵۆپ راهێنەرێکی نایابە و وایکردووە لە چەند ساڵی رابردوودا لیڤەرپوول رکابەری لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ بکات."
 
ئەگوێرۆ زیاتر دەڵێت "کڵۆپ وای لە تیپەکە کردووە شەڕانگێزتر بێت و بە ریتمێکی بەرزترەوە یاری بکات. بەدڵنیاییەوە دوای ماڵئاواییکردنی، پرێمەرلیگ بیری دەکات، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی داوە و دەبێت رێزی لێبگرین. ئەو راهێنەرێکی نایابە و زۆر شتی بەنرخت فێردەکات، بەدڵناییەوە ئەزموونێکی نایاب دەبوو ئەگەر لەژێر سەرپەرشتی ئەو یاریم کردبووایە."
 
ئەگوێرۆ بە یەکێک لە ئەفسانەکانی مانچێستەر سیتی دادەنرێت، لەگەڵ ئەو یانەدا توانیویەتی پێنج نازناوی پرێمەرلیگ و چەندین نازناوی دیکەی نێوخۆیی بەدەستبهێنێت. لە ساڵی 2021 ئەگوێرۆ سیتیزنسی بەجێهێشت و پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە کرد، بەڵام دوای کەمتر لە شەش مانگ لە چوونی بۆ ئەو یانەیە، تووشی کێشەی دڵ دەبێت و بەوهۆیەوە واز لە یاریکردن دەهێنێت.