ڤینی بە گریانەوە وەڵامێکی بەهێزی رەگەزپەرستان دەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریال مەدرید لە کاتی قسەکردن لەبارەی رەگەزپەرستییەوە دەست بە گریان دەکات و دەڵێت ئەو دیاردەیە ئارەزووی بۆ یاریکردن کەمدەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 26-3-2024، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بەرازیل دەکات، لە یارییەکی دۆستانەدا کە ئامانج لێوەی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لە دژی رەگەزپەرستی.
 
رێکخستنی ئەم یارییە دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو، ڤینیسیۆس جونیۆر لە یاریی یانەکەی بەرامەر ڤالێنسیا رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەوە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە ئەستێرە بەرازیلییەکە لەکاتی باسکردنی رەگەزپەرستی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەست بە گریان دەکات و دەڵێت "تۆپی پێ گرنگە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی گرنگترین شتە. من تەنیا دەمەوێت تۆپی پێ بکەم، تەنیا دەمەوێت یاری بکەم و هەموو هەوڵێک لە پێناو یانەکەمدا بدەم."
 
دواتر ڤینیسیۆس باس لەوە دەکات کە رەگەزپەرستی کاریگەری لەسەر ئارەزووی بۆ یاریکردنی کردووە و دەڵێت "من ماوەیەکی زۆرە ئەو دیاردەیە دەبینم، رۆژ بە رۆژ خەمبارتر دەبم و حەزم بۆ یاریکردنم کەمتردەبێتەوە."
 
هێرشبەرەکەی ریال مەدرید رەتی کردەوە کە ئەو کردارە رەگەزپەرستییانەی لە ئیسپانیا رووبەڕووی دەبێتەوە، ببنە هۆی ئەوەی یانەکەی بەجێبهێڵێت و دەڵێت "من زۆر بیرم لەوە کردەوە کە ئێرە بەجێبهێڵم، بەڵام ئەوە ئەو کارەیە کە رەگەزپەرستەکان دەیانەوێت بیکەم. من دەمەوێت لێرە بمێنمەوە، لە باشترین یانەی جیهان و خەڵکیش دەبێت بەردەوام دەموچاوی من ببینن."
 
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، لە چەندین یاریی جیاوازدا کێشە کەوتووەتە نێوان ڤینیسیۆس و هاندەری تیپەکانی بەرامبەری و لە چەند رووداوێکیشدا، گرژیی نێوانیان گەیشتووەتە رادەیەک کە تێیدا ئەستێرە بەرازیلییەکە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر یاریزانەکە درووستکردووە و لە رابردوودا داوای لە دەسەڵاتداران کردووە کە رێکاری تووند بەرامبەر ئەو دیاردەیە بگرنەبەر.