لە کەتەلۆنیا باس باسی گەڕانەوەی مێسییە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو دەنگۆ و داواکارییانەی داوای گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا دەکەن، تادێت زیاتر و زیاتر دەبێت.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، باسوخواسی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا بووەتە بنێشتەخۆشەی ژێر زاری هەمووان.. بەرپرسەکانی ئێستا و پێشوو و هاندەرانی یانەکە هەمان ویست وخواستیان هەیە.
 
میدیای کەتەلۆنیا هەروەها دەڵێن، ئەم باسوخواسە بۆیە وا گەرمبووە، چونکە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان خاوە لە دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی مێسی، پاشئەوەی پێیانوابووە کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە پاش مۆندیال، ئۆتۆماتیکی ئەنجامدەدرێت.
 
کەتەلۆنییەکان دڵخۆشن بەوەی کە ئێستا هەمووان باسی هەمان بابەت دەکەن، بەتایبەت کاپتنەکانی تیپەکە، سێرجی رۆبێرتۆ، تێرشتیگن و جۆردی ئالبا پۆزەتیڤانە لەوە دواون گەڕانەوەی مێسی بۆ هەمووان مایەی دڵخۆشییە و پێشوازی لێدەکەن.
 
پێشتر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا لەبارەی هەمان بابەتەوە قسەیکردبوو. لاپۆرتا گوتبووی دەرگای بارسێلۆنا هەموو کات بۆ مێسی کراوەیە، لیۆ دەزانێ ئەو لە نێو دڵی ئێمەدایە و بەشێکە لە لۆگۆی یانەکەمان.
 
میدیاکان دەڵێن، هەروەها هەریەکە لە لیڤاندۆڤسکی، پێدری و ئاراوخۆ و تەنانەت سێرجیۆ ئاگوێرۆی هاوڕێی نزیکی مێسی، پێشوازییان لەهەمان هەنگاو کردووە.
 
کاتێک وەرگرتنی کاردانەوەی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکە پێویستبوو، ئەویش بەهەمان ریتم قسەی کرد و گوتی، "مێسی باشترین یاریزانی مێژووە، هەموو کات کامپ نو پێشوازی لەو دەکات".
 
تێرشتیگن لەبارەی هەمان باسەوە گوتبووی، "ئەگەر مێسی نەگەڕێتەوە بۆ بارسێلۆنا کارێکی خراپ دەبێت، لەبەرئەوەی مێسی کاری مەزنی لێرە ئەنجامداوە".
 
سێرجی رۆبێرتۆ لای خۆیەوە گوتبووی، "بە باڵی کراوەوە پێشوازی لە مێسی دەکەین ئەگەر بگەڕێتەوە، ئەگەر کارەکە پەیوەندی بە رای ئێمەوە هەیە لەبارەی گەڕانەوەیەوە، بەدڵنیاییەوە ئێمە چاوەڕێی ئەوین".
 
لای خۆیەوە ئالبا گوتبووی، "حەزدەکەم مێسی بگەڕێتەوە". هەرچی ئاراوخۆیە دەڵێ، "گەڕانەوەی مێسی هاوکارمان دەبێت بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ"،.
 
مێسی کە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی نوێنەکردووەتەوە.