یانەیەکی سعودی چاوی لە ئەستێرەیەکی بارسێلۆنایە

رووداو دیجیتاڵ
 
شانشینی سعودیە بەردەوامە لە پەلکێشکردنی یاریزانەکانی ئەوروپا و ئەمجارەیان ئەستێرەیەکی لالیگای کردووەتە ئامانج و دەیەوێت بیگوازێتەوە ئەو وڵاتە. 
 
بەپێی ماڵپەڕی ریڵێڤۆی ئیسپانی، یانەی ئیتیحاد هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت مارک ئاندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا بگوازێتەو ریزەکانی، بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستی فەرمی پێشکێش بە یانە ئیسپانییەکە کردووە. 
 
شتیگنی تەمەن 31 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا تاوەکو ساڵی 2028ـە، رەنگە فرۆشتنی چەند ئەستێرەیەکی گرانبەهای تیپەکە، یارمەتی بارسێلۆنا بدات لە چارەسەرکردنی بەشێک لەو کێشە داراییانەی یانەکە تێیکەوتووە. 
 
یانەی ئیتیحاد بەمەبەستی بەهێزکردنی تیپەکەی، لە ماوەی رابردوودا چەندین ئەستێرەی گەورەی وەک کەریم بنزیما، کانتێ، فابینیۆ و لویز فیلیپێی گواستەوە ریزەکانی، یانەکە لەم وەرزەی خولی سعودیدا لە پلەی پێنجەم دێت و 22 خاڵ لە دوای هیلالی پێشەنگەوەیە.