لیڤەرپوول داوای ئەستێرەیەک دەکات و دەبێت ریال مەدرید رازی بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی چاوی لە ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدریدە و دەیەوێت بە هەرجۆرێک بێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی ماڵپەڕی ریلێڤۆی ئیسپانی، یانەی لیڤەرپوول لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی تاکیفوسا کوبۆ، ئەستێرەی یانەی ریال سۆسیداد بەردەوامە و دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا ئەستێرە ژاپۆنییەکە بگوازێتەوە یانەکەی. 
 
بەپێی هەواڵەکان، یانە ئینگلیزییەکە تەنانەت پێش ئەوەی بازاڕی گواستنەوەی زستانە دەستپێبکات پەیوەندییان بە کوبۆوە کردبوو، بەڵام یاریزانەکە رەتیکردووەتەوە پێش کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە لە ریال سۆسیداد بڕوات و پێدەچێت لەگەڵ ئەو یانەیەدا دڵخۆشبێت. 
 
سەرەڕای ئەوەش میدیاکان باس لەوە دەکەن کە لیڤەرپوول خۆی بەدەستەوە نادات و هاوینی داهاتوو جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرە ژاپۆنییەکە دەستپێدەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوینی رابردوو کوبۆ گرێبەستێکی یانەی نەسڕی سعودی رەتکردەوە کە تێیدا ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆی وەک مووچە لە یانەکە وەردەگرت. 
 
کوبۆ هاوینی رابردوو بە بڕی 6.5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە ریال سۆسیداد کرد و مەرجی شکاندنی گرێبەستەکەی 60 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بەپێی بەندێکی گرێبەستەکە یانەی ریال مەدرید دەتوانێت بە 33 ملیۆن یۆرۆ کوبۆ بگەڕێنێتەوە یانەکە، ئەگەر هاتوو ئەستێرە ژاپۆنییەکە بە هەر هۆکارێک نەگەڕایەوە ریال مەدرید و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، لەو کاتەدا ریال سۆسیداد دەبێت 50٪ـی ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی یاریزانەکە دەستی دەکەوێت بداتە یانەی شاهانە. 

 

کوبۆ لەم وەرزەدا لەگەڵ ریال سۆسیداد بەشداری 25 یاری کردووە و شەش گۆڵ و چوار ئاسیستی کردووە، ئاستە باشەکەی یاریزانەکە وایکردووە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا چاودێری بکەن و بیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەن. 
 
تاکیفوسا کوبۆ، ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ژاپۆن لە قەتەرە و لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیادا، هەڵبژاردەکەی گەیشتووەتە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.