پێرێز پێیوایە ساڵی رابردوو مێسی شایەنی باڵۆن دۆر نەبوو

رووداو دیجیتاڵ 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە دۆڕاندنی باڵۆن دۆری ئەمساڵ لەلایەن ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی مێرێنگی کرد و دووپاتیکردەوە کە رۆدری شایەنی باڵۆن دۆر بوو، بەڵام ساڵی رابردوو نەک ئەمساڵ.
 
پێرێز، لە وتارێکدا، کە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ریال مەدریددا پێشکەشی کرد، گوتی "بەدڵنیاییەوە رۆدری یاریزانێکی تۆپی پێی گەورەیە، و خەڵکی مەدریدە، ئێمەش خۆشمان دەوێت. ئەو شایەنی خەڵاتی باڵۆن دۆربوو، بەڵام ئەمساڵ نا، بەڵکو ساڵی رابردوو".
 
لیۆنێل مێسی لە ساڵی 2023 خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا، رۆدری لەو کاتەدا پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا. واتا سەرۆکی ریال مەدرید دەیەوێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بڵێت "مێسی ساڵی رابردوو شایەنی باڵۆن دۆر نەبوو".
 
پێرێز زیاتر گوتی  "ئەمساڵ دەبووایە باڵۆن دۆر بۆ یاریزانێکی ریال مەدرید بووایە".
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی مێرینگێ، گوتی "ئێمە شانازی بە یاریزانێکی وەک ڤینیسیۆسەوە دەکەین، بۆ زۆر کەس باشترین یاریزانی جیهانە. ڤینی خۆشەویست، دەمەوێت ئەوە بزانیت کە هاندەرانی ریال مەدرید شانازیت پێوە دەکەن، بۆ هەموو ئەو شتانەی کە لە چەندین سات و بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە روویانداوە و بەرگەت گرتوون، هەموو ئەمانە وایان لێکردوویت ئەو یاریزانە بی کە ئێستایت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، پێرێز گوتیشی "ساڵێکی مێژوویی بوو. و ئێمەش لەبەردەم یەکێک لە گرنگترین خولەکانداین لە مێژووی خۆماندا. یاریزانانی ئەم پێکهاتەیە مەدریدیستان هەست بە سۆز و خۆشەویستی دەکەن بۆ ئەم لۆگۆیە و دەزانن کە ئەم درێسە مانای چییە بۆ کارڤاخال و میلیتاو. ئەوان لە دیارترین پایەکانی ئەم تیپەن و بەم زووانە دەیانبینینەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "هەموو خۆشەویستییەک بۆ ئالاباش کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەی".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "زۆر قورس دەبێت جارێکی دیکە کەسێکی وەک تۆنی کرووس ببینینەوە، چونکە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی ئێمە و یەکێکە لە ئەفسانە گەورەکانی تۆپی پێی جیهانی".
 
لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی کرووسەوە، سەرۆکی یانەی شاهانە گوتی "رێزگرتن لێی لە 25ـی ئایاری رابردوودا کاریگەر و لەبیرنەکراو بوو. تۆنی بەڕێز، سوپاس بۆ هەموو ئەو شتانەی کە پێت بەخشیوین. ئەم شوێنە هەمیشە وەک ماڵەکەت دەمێنێتەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، هەروەها گوتی "هەروەک چۆن دەمەوێت باسی خۆسێلۆ بکەم کە ئێمەی گەیاندە 15ـەمین یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، سوپاس، هەروەها دەمەوێت باسی ناچۆ بکەم کە نوێنەرایەتی بەهاکانی ریال مەدرید دەکات و نموونەیە بۆ منداڵان لە ئەکادیمیاکەمان".
 
لە کۆتاییدا، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، روونیکردەوە "ناچۆ 23 ساڵی لەم یانەیە بەسەر بردووە، پێمان خۆشە پێیبڵێین کە ریال مەدرید ماڵی بووە و هەمیشەش بە ماڵی دەمێنێتەوە. ناچۆی بەڕێز، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لەم قۆناخە نوێیەی ژیانتدا".